هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و هەسەدە شەڕی داعشیان تاوتوێکرد

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و هەسەدە شەڕی داعشیان تاوتوێکرد
ژمارەیەک لە فەرماندەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەگەڵ بەرپرسانی هەسەدە کۆبوونەوە و پێکەوە باسیان لە هاوئاهەنگی نێوانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش کرد.

مایڵز کاگینز، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە توویتێكدا کە بە زمانی کوردی نووسیویەتی، دەڵێت، "جێگەی شانازییمان بوو لەبارەی هاوئاهەنگی و ئەرکی لەناوبردنی شانە نووستووەکانی داعش لەگەڵ مستەفا بالی و گوتەبێژی هەسەدە قسەمانکرد".

مستەفا بالی، بەرپرسی نووسینگەی میدیای هەسەدەیە و کینۆ گابریلیش گوتەبێژی هەسەدەیە.

کاگینز لە بەشێکی دیکەی توویتەکەدا نووسیویەتی، لە کۆبوونەوەکەدا "بۆ ئەو سڤیلانەی ئەمڕۆ لە قامشلۆ گیانیان لەدەستدا هاوخەمی خۆمان دەربڕی".

تویتەکە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ سێ تەقینەوە لە شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان روویاندا.

بەگوێرەی هێزی ئاسایشی ناوخۆی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، بەهۆی تەقینەوەکانەوە 5 کەس گیانیان لەدەستدا و 26 کەسی دیکەش برینداربوون، بەڵام بەپێ دوایین ئامارەکانی دەستەی تەندروستی قامشلۆ، شەش کەس گیانیان لەدەستداوە و 47 کەسی دیکەش برینداربوون.
Top