ئێران پیتاندنی یۆرانیۆمی بۆ نزیکەی شەش کیلۆگرام بەرزکردووەتەوە؛ یەکێتی ئەوروپاش نیگەرانە

ئێران پیتاندنی یۆرانیۆمی بۆ نزیکەی شەش کیلۆگرام بەرزکردووەتەوە؛ یەکێتی ئەوروپاش نیگەرانە
سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران رایدەگەیێنێت، ئێستا نزیکەی شەش کیلۆگرام یۆرانیۆم لە رۆژێکدا دەپیتێنن و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا تاوتوێی رێککەوتنی ئەتۆمی ئێرانیان کرد و رایانگەیاند، لە رەفتارەکانی ئەم دوایەی ئێران نیگەرانن.

ستیف بلۆک، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا بەر لە چوونی بۆ کۆبوونەوەکە بە میدیاکانی راگەیاند، "ئێمە بەدڵناییەوە باس لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکە دەکەین و هەروەها نیگەرانی رەفتارەکانی ئێرانین".

عەلی ئەکبەر ساڵحی، سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێرانی رۆژی دووشەممە بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، رۆژانە بەگشتی بەلایەنی کەمەوە 5.5 کیلۆگرام دەپیتێنین، ئەمەش بەهۆی دەستبەکاربوونی ناوەندی ئەتۆمی ژێرزەوی فۆردۆەیە.

یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ ئەوەدایە کە رێککەوتنەکە پارێزگاری لێبکرێت، بەڵام چەند جارێکیش بەرپرسەکانی رایانگەیاندووە، مانەوەی رێککەوتنەکە پەیوەستە بە پابەندبوونی ئێران بە رێککەوتنەکەوە.

شەشی ئەم مانگە حکومەتی ئێران بەرزکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆمی بۆ %5 راگەیاند و لەگەڵ ئەوەشدا پابەندی وڵاتەکەی بە رێککەوتننامەی ئەتۆمی کەمکردەوە. هەر یەکە لە بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا نیگەرانی خۆیان لەو هەنگاوەی ئێران دەربڕی.
Top