ناوچەیەکی گەورەی نەوتی لە ناوچە عەرەب‌نشینەکانی ئێران دۆزرایەوە

ناوچەیەکی گەورەی نەوتی لە ناوچە عەرەب‌نشینەکانی ئێران دۆزرایەوە
بەپێی زانیاریی میدیاکانی ئێران، ناوچەیەکی گەورەی نەوتی لە نێوان شارەکانی (بوستان و ئومیدیە) لە پارێزگای خووزستان دۆزراوەتەوە کە بەپێی بەراوردەکان زیاتر لە 53 ملیار بەرمیل نەوتی تێدایە.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران کە دوێنێ سەردانی پارێزگای یەزدی کردبوو، ئەو هەواڵەی ڕاگەیاندووە کە ئەو 53 ملیار بەرمیلە بە 150 ملیار بەرمیلی کەڵکەکەکراو (خەزن)ی هەمیشەیی ئێران زیاد دەکرێت.

شارەکانی (بوستان و ئومیدیە) ناوچەی عەرەب‌نشینی پارێزگای خووزستانن کە لەڕووی بژیوەی خەڵکەوە زۆر هەژار و بێدەرەتانن و بەهۆی پەراوێزخرانیان، ناڕەزاییەکی زۆریان لە حکوومەت هەیە، لە کاتێکدا ناوچە عەرەب‌نشینەکانی خووزستان بەپیتترین ناوچەی ئێرانن لەڕووی کانگا ژێر زەوییەکانەوە.

ئەوە دووەم ناوچەی گەورەی نەوتیی پارێزگای خووزستان کە هەردووکیان سەرجەم ڕێژەی نەوتی کەڵەکەکراویان 65 ملیار بەرمیلە.

ئێران لە ئاستی جیهاندا بە چوارەم وڵاتی نەوت و غازی سروشتی دێتە ئەژمار و زۆربەی ئەو نەوت و غازەش لە سێ پارێزگای ڕۆژهەڵاتی (کرماشان، ئیلام و لوڕستان) و شارە عەرەب‌نشینەکانی خووزستان هەڵکەوتوون. بۆ وێنە پارێزگای ئیلام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتەنیا 14٪ی غازی سروشتیی ئێرانی هەیە. بەڕای چالاکوانانی مەدەنی و مافی مرۆڤی کورد و عەرەب سەرەڕای بوونی ئەو سەرچاوە و کانگا سروشتی و ژیرزەوییانە، خەڵکی خۆجێی ئەو ناوچانە لە داهاتەکانی بێبەرین و زیاترین ڕێژەی ئماری بێکاری و هەژاری و خۆکوشتنیان تێدایە و کەمترین خزموتگوزاریی حکوومەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خووزستانی جێبەجێ دەکرێت و ناڕاستەوخۆ کەوتوونەتە پەراوێزەوە و قەیرانە ئابووری و خەسارە کۆمەڵایەتییەکان لەو ناوچانە سەرهەڵدەدەن.













باسنيوز
Top