پەرلەمانی توركیا كار بۆ نەهێشتنی بەربەستی هەڵبژاردن دەكات

پەرلەمانی توركیا كار بۆ نەهێشتنی بەربەستی هەڵبژاردن دەكات
ئاكەپە و مەهەپە لە هەوڵدان تا لەڕێگەی پەرلەمانەوە، یاسای هەڵبژاردن هەموار بكەنەوە، بە هەمواركردنی ئەو یاسایەش هەوڵ هەیە تا بەربەستی هەڵبژاردن ببێتە سفر.

بەربەستی هەڵبژاردن لە توركیا ١٠٪، واتە هەر پارتێكی سیاسی ئەگەر بیەوێت وەكوو پارت بچێتە پەرلەمانەوە، پێویست دەكات ١٠٪ی دەنگەكان بهێنێت. ئەم یاسایەش لە ١٩٨٢ لە دەستووری توركیا جێگیر كراوە، تا لەو رێگەیەوە رێگە لە كورد بگرن وەكوو پارت بچێتە پەرلەمانەوە.

لەو كاتەوە تاكو ٢٠١٥ هیچ پارتێكی سیاسیی كوردی وەكوو پارت نەچووەتە پەرلەمانەوە، بەڵكوو ٣٠ بۆ ٤٠ ئەندام پەرلەمانی كورد دەچوونە پەرلەمانەوە و پاشان لەناو پەرلەمان فراكسیۆنێكیان پێك دەهێنا.

لە ٢٠١٥ هەدەپە لەسەر داوای عەبدوڵا ئۆجەلان بڕیاری دا وەكوو پارت بچێتە پەرلەمانەوە، بۆیە هەدەپە لەو هەڵبژاردنەدا توانی ١٣٪ی دەنگەكان بهێنێت و بۆ یەكەمجار بوو لە مێژووی پەرلەمانی توركیا، پارتێكی كوردی وەكوو پارت بچێتە پەرلەمانەوە.

رۆژنامەی (جومهوریەت)ی توركی لە ١٠ی١١ی٢٠١٩ بڵاوی كردووەتەوە، ئاكەپە و مەهەپە بەنیازن یاسای هەڵبژاردن بگۆڕن، ئەمەش بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەكاری دەهێنن، بەوەی دەیانەوێت هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار لە ٥٠+١ ەوە بكەن بە ٤٠+١.

هەروەها ئەوان پێیان باشە بەربەستی هەڵبژاردن نەهێڵن، لێرەدا هەدەپە قازانج دەكات بەوەی مەترسیی ئەوەی لەسەر نامێنێت، ئەگەر نەتوانێت١٠٪ بهێنێت وەكوو پارت نەچێتە پەرلەمانەوە. هەروەها ئیدی ئەو مەترسییەش نامێنێت كە هەدەپە خوار ١٠٪ بهێنێت ئیدی دەنگەكانی هەموو بۆ پارتی براوە بچێت.

جگە لەوەش نەهێشتنی بەربەست لە بنەڕەتدا بۆ هەدەپە نییە، بەڵكوو مەهەپە كە هاوپەیمانیی ئاكەپەپە، مەترسی لەسەرە كە نەتوانێت لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا بەربەست بشكێنێت، بۆیە بۆ ئەوەی لەو مەترسییە رزگاری بێت، بەربەستی هەڵبژاردن دەكەن سفر. ئەمەش هەر بە گوێرەی گوتەی بەرپرسانی دەزگاكانی راپرسی لە توركیا.

پێشتر جەهەپە رای گەیاندوە كە لەگەڵ ئەوە دان بەربەستی هەڵبژاردن لە توركیا نەمێنێت، بۆیە وەكوو ئەوەی میدیاكانی توركیا باسی لێوە دەكەن، جەهەپە پشتگیری نەمانی بەربەست دەكات، بەڵام پشتگیریی لە نەمانی ٥٠+١ بۆ سەرۆك كۆمار ناكات.

هەر بە گوێرەی هەواڵەكەی (جومهوریەت)، رەجەب تەییب ئەردۆغان بە بەرپرسانی ئەكەپەی گوتوە بە جیدی كار لەسەر گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن بكەن، كاتێكی زۆریشی پێداون كە تا ٢٠٢٢ درێژە دەكێشێت، بەڵام لە ئێستاوە كاری بۆ دەكرێت.











باسنيوز
Top