حەسەن رۆحانی: ئێران بە دۆخێکی ئابوری ناسروشتی تێدەپەڕێت
حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران ئەمڕۆ لە وتارێکدا رایگەیاند، وڵاتەکەی بە دۆخێکی ئابوری ناسروشتی تێدەپەڕێت و ئێرانییەکان ساڵ و شەش مانگی زۆر قورسیان بەڕێکرد، بەڵام بەهۆی دۆزینەوەی کێڵگەیەکی نەوتیەوە، ئێران لە ئێستادا دەتوانێت هەناردەکردنی نەوت زیاتر بکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە شاری بوستان لە هەرێمی خوزستان لە باشوری وڵات کێڵگەیەکی نەوتیان دۆزیوەتەوە، کە روبەرەکەی دو هەزار و 400 مەتر چوارگۆشە دەبێت و قوڵییەکەی زیاتر لە 80 مەترە، زیاتر لە سێ ملیار بەرمیل نەوتی یەدەک بۆ ئێران دابیندەکات.
رۆحانی باسی لەوەشکرد، بەهۆی ئەو بیرە نەوتەوە هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ دەرەوەی وڵات زیاددەکات، سەرەڕای بەربەست و سزا ئابوریەکانی سەر وڵاتەکە.
سەرۆک کۆماری ئێران رونیشیکردەوە، "دۆزینەوەی ئەو کێڵگە نەوتیە، وەک دیاری وایە بۆ وەزارەتی نەوت و کۆمپانیا نەوتیەکانی ئێران و گەلی ئێرانیش".
ئەوەشی خستەڕو، دۆزینەوەی ئەو کێڵگە نەوتیە بەهۆی هەوڵەکانی کۆمپانیای نیشتیمانی نەوتی ئێرانەوە بوە، کە لە ساڵی 2016ەوە تا ئەم هەفتەیە کاریان لەو بوارەدا کردوە.
خەندان
