لە یەك مانگدا لە توركیا 41 ئافرەت كوژراون

 لە یەك مانگدا لە توركیا 41 ئافرەت كوژراون


رۆژ نییە میدیاكانی توركیا هەواڵی كوشتنی ئافرەت نەكەنە مانشێت، بەڵام لەبری ئەوەی كوشتنی ئافرەت لە توركیا كەم ببێتەوە، كەچی روو لە زیادبوون دەكات و تەنیا لە مانگی١٠ی ٢٠١٩دا لەو توركیا 41 ئافرەت بە دەستی پیاو كوژراون.

ماڵپەڕی (بیانەت)ی توركی بە پشتبەستن بە بەدواداچوونی چەند ماڵپەڕ و رۆژنامەیەكی توركیا، بڵاوی كردووەتەوە تەنیا لە مانگی١٠ لە توركیا 41 ئافرەت بە دەستی پیاو كوژراون.

هاوکات دوو ئافرەت دەستدرێژیی سێكیان كراوەتە سەر و ئافرەتێكی تەمەن ٨٥ ساڵیش ناچار كراوە كاری لەشفرۆشی بكات و دەستدرێژی سێكیش كراوتە سەر ٣٣ منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵ.

ئەو شارانەی ٤١ ئافرەتی تێدا كوژراوە هیچیان لە باكووری كوردستان نین و هەموویان كەوتوونەتە شارە توركییەكانی وەكوو (ئیستەنبۆڵ، قۆنیا، ئەنتاڵیا، ئایدن، بورسا، ئەنكەرا، كۆجەیلا و هاتای).

ماڵپەری (T24)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، پیاوێكی تورك لە ئەڵمانیا كە هاوسەرەكەی لە ئیستەنبۆڵ بووە، پارەی داوەتە كەسێك لە ئیستەنبۆڵ تا هاوسەرەكەی بكوژێت و كوشتوویەتی، هەروەها بەشێك لەو ئافرەتانەی كوژراون، تاكوو ئێستا بكەرەكانیان دەستگیر نەكراون.

كوشتنی ئافرەت لە توركیا دیاردەیەكی قێزەونە و هەیە، بەڵام لە زنجیرە دراماكانیاندا وەكوو سووكایەتییەك بۆ كورد، زۆر جار پیاوی كورد لە باكوور نیشان دەدەن كە ئافرەت دەكوژێت و رۆڵی دڕندەیان پێ دەدەن.

پێشتریش لە ئاژانسەكانی هەواڵی توركیا بڵاو كرایەوە، كە لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا لە تەواوی توركیا ١٥ هەزار ئافرەت كوژراون.






باسنيوز
Top