خەلیفە بن زاید بە سەرۆکی ئیمارات هەڵبژێردرایەوە
سەرۆکی ئێستای ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوو بە سەرۆکی وڵات بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیکە، هەڵبژێردرایەوە.
بەپێی هەواڵی میدیا ئیماراتییەکان، رۆژی چوارشەممە 6-11-2019، ئەنجومەنی باڵای فیدڕالیی ئیمارات خەلیفە بن زاید ئال نەهیانی وەک سەرۆکی وڵات، هەڵبژاردەوە.
خەلیفە بن زاید ئال نەهیان (تەمەن 71 ساڵ)، کە هاوکات حاکمی ئیمارەتی ئەبو زەبییە، دوای کۆچی دوایی باوکی، بە سەرۆکی ئیمارات هەڵبژێردرا و تا ئێستا سێ خولی سەرۆکایەتی بەڕێ کردووە، کە هەر خولێک پێنج ساڵە.
شێخ زاید ئال نەهیان (1918-2004)، لەساڵی 1971 لەگەڵ شێخ راشد بن سەعید ئال مەکتومی باوکی شێخ محەمەد بن راشدی حاکمی دوبەی، میرنشینەکانی ئیماراتی یەک خست و دەوڵەتی ئیماراتی دروست کرد.
|باسنيوز
