بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا داوا دەکەن ئێران پابەندی رێککەوتنی ئەتۆمی بێت
ئهمڕۆ سێشەممە، حەسەن رووحانی سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی چوارەم هەنگاوی پیتاندنی یۆرانیۆمی دهستپێدهكات، ئهوهش بە زیادکردنی غاز لە هەزار و 44 ئامێری جیاکەرەوەی یۆرانیۆم. ئەوەش پێچەوانەی رێککەوتننامە ئەتۆمیەکەی ئهو وڵاتهیه لهگهڵ یهكێتی ئهوروپا و ئهمریكا لهساڵی 2015.
دۆمینیک راب وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، بڕیاری ئێران بۆ کشانەوەی لە پابەندبوونی بە رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 دەبێتە هەڕەشەیەک بۆ ئاسایشی نەتەوەیی بەریتانیا.
دۆمینیک راب دەڵێت، ئێران دەبێت بە زووترین کات پابەندبێتەوە بە رێککەوتنەکەوە، ئاماژەی بەوەشداوە، هەوڵدەدەن رێگەیەک بۆ دەستپێکردنی دیالۆگی نێودەوڵەتی بدۆزنەوە، بەڵام پێش هەر شتێک ئێران دەبێت پابەندبوونی تەواوی خۆی بە رێککەوتنەکەوە رابگەیەنێت.
ئەڵمانیا: پابەندنەبوونی ئێران بە رێککەوتنی ئەتۆمی قبوڵکراو نییە
هایکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، پابەندنەبوونی ئێران بە رێککەوتنی ئەتۆمی قبوڵکراونییە و ئەو هەنگاوانەی ئێستا ئێران گرتوویەتییە بەر تەواوی رێککەوتنەکە دەخاتە مەترسییەوە.
ماس راشیگەیاند، چاوەڕێ دەکەین ئێران بەتەواوەتی بگەڕێتەوە بۆ پابەندییەکانی بە رێککەوتنەکە، چونکە هەر هەنگاوێک بۆ دوورکەوتنەوە لە رێککەوتنی ئەتۆمی، تەواوی رێککەوتنەکە دەخاتە مەترسییەوە.
فەرەنسا داوا لە ئێران دەکات پاشگەزبێتەوە لە بڕیاری دەستپێکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم
فەرەنسا داوا لە ئێران دەکات پاشگەزبێتەوە لە بڕیاری دەستپێکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم و دەڵێت، ئەم بڕیارە دژی رێککەوتنی ساڵی 2015ـی ڤیەننایە بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمە ئەتۆمییەکانی تاران.
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا نیگەرانی خۆی لە بڕیارەکەی ئێران دەربڕیوە و رایدەگەیێنێت، چاوەڕێی راپۆرتی ئاژانسی ئەتۆمی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات لەبارەی هەنگاوەکانی ئەم دواییەی ئێران.
لەدوای هاتنە دەرەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پابەندبوونی بە رێککەوتنەکەوە لە مانگی ئایاری 2018 ، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا هەوڵی پاراستنی رێککەوتنەکەی دا.
