ئەمریکا سزای نوێ بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت

ئەمریکا سزای نوێ بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا گەمارۆی بۆ سەر موجتەبا خامنەیی و هەشت کەسایەتی دیکەی ئێران راگەیاند.

راگەیاندنی ئەم گەمارۆیانە هاوکاتە لەگەڵ 40ـەمین ساڵیادی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران.

جگە لە موجتەبا خامنەیی، کوڕی عەلی خامنەیی، سزاکە ئەم کەسانە دەگرێتەوە:

محەممەد محەممەدی گوڵپایەگانی، سەرۆکی نووسینگەی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران

ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆکی دەزگای دادی ئێران

عەلی ئەکبەر ویلایەتی، راوێژکاری باڵای رێبەری ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتیی

وەحید حەقانیان، جێگری بەرپرسی نووسینگەی عەلی خامنەیی

غوڵام عەلی حەدادی عادل، ئەندامی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران کە هاوکات خەزوری موجتەبا خامنەییە

محەممەد حوسێن باقری، سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران

غوڵام عەلی رەشید، فەرماندەی ناوەندی خاتمول ئەنبیا

چەند رۆژ پێشتر، ئەمریکا گەمارۆی نوێی بەسەر بەشی نۆژەنکردنەوە و بیناسازی ئێران راگەیاند، ئەوەش بەهۆی ئەوەی وەک ئەمریکا دەڵێت، سوپای پاسداران لەو بەشەدا چالاکی هەیە.

ئێوارەی ئەمڕۆش بەبۆنەی تێپەڕینی 40 ساڵ بەسەر هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران، کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکیدا ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێران رەفتارەکانی خۆی نەگۆڕێت، سزاکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران بەردەوامدەبن.
Top