خامنەیی: گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا هیچ ئەنجامێکی نابێت
رۆژێک پێش 40ـەمین ساڵیادی بە بارمتەگرتنی دیپلۆمات و هاوڵاتییە ئەمریکییەکان لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران، خامنەیی گوتارێکی پێشکەشکرد و تێیدا رایگەیاند، ئەوانەی دەیانەوێت گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکادا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان ئەنجامبدرێت هەڵەن چونکە هیچ ئەنجامێکی نابێت و ئەمریکا سازش ناکات.
لە 4ـی تشرینی دووەمی ساڵی 1979 دا شۆڕشگێڕانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران هێرشیانکردە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران و 52 دیپلۆمات و هاووڵاتی ئەمریکیان بۆ ماوەی 444 رۆژ دەستبەسەرکرد.
لە ساڵی 1980ـەو ئەمریکا پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئێران پچڕاندووە و تاوەکو ئێستاش پەیوەندییەکانی نێوانیان چاکنەبووەتەوە، بەڵام خامنەیی رەتیدەکاتەوە ناکۆکییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا بەهۆی ئەو رووداوەوە دەستیپێکردبێت.
خامنەیی گفتوگۆکانی ئەمریکا و کۆریای باکووری بە نموونە لەبارەی بێ متمانیی ئەمریکا هێنایەوە و رایگەیاند "ئەوان ستایشی یەکیان کرد و وێنەیان گرت، بەڵام ئەمریکا یەک تۆزیش سزاکانی لەسەریان لا نەبرد".
