ئەمریکا: لیستی سزاکانی تورکیا دەپارێزین و لەکاتی پێویستدا بەکاریان دەهێنین

ئەمریکا: لیستی سزاکانی تورکیا دەپارێزین و لەکاتی پێویستدا بەکاریان دەهێنین

وەزیری خەزێنەی ئەمریکا رایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتییەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لیستی تایبەتی سزاکان بۆ سەر تورکیا دەپارێزێت تاوەکو لەکاتی پێویستدا بەکاریان بهێنێت.

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە کۆبونەوەی رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیەدا بە زۆرینەی دەنگ بڕیارێکی پەسەند کرد، کە داوا لە دۆناڵد ترەمپ دەکات بەهۆی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باکوری سوریا سزای زیاتر بەسەر بەپرسانی ئەنقەرەدا بسەپێنێت.

سەرۆکی ئەمریکا لیستی تایبەتی سزاکان بۆ سەر تورکیا دەپارێزێت، تا لەکاتی پێویستدا بەکاریان بهێنێت



بەپێی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، ستیڤن منوچن، وەزیری خەزێنەی ئەمریکا لەوبارەیەوە رایگەیاندوە، بەڕێوبەرایەتییەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لیستی تایبەتی سزاکان بۆ سەر تورکیا دەپارێزێت، تا لەکاتی پێویستدا بەکاریان بهێنێت، بەڵام تا ئێستا ڕازین لەسەر ئاگربەستەکەی سوریا کە بوە هۆی لابردنی سزاکانی سەر تورکیا.

ئەگەر ئاگربەستەکەی سوریا بەباشی بەڕێوەنەچێت ئەوا ئەمریکا سزای ئابوری دەسەپێنێت بەسەر تورکیادا



ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەگەر ئاگربەستەکەی سوریا "بەباشی بەڕێوەنەچێت" ئەوا ئەمریکا سزای ئابوری دەسەپێنێت بەسەر تورکیادا.

هێشتا لیستی سزاکانمان لایە، هیچ شتێک نیە وام لێبکات بڕوا بکەم بەکاریان دەهێنین



وەزیری خەزێنەی ئەمریکا وتیشی، "هێشتا لیستی سزاکانمان لایە، هیچ شتێک نیە وام لێبکات بڕوا بکەم بەکاریان دەهێنین، پێموایە رازین لەسەر چۆنێتی بەڕێوەچونی شتەکان".

پرۆژە یاساکەی ئەنجومەنی نوێنەران بە دەنگی 403 ئەندام بەبەڵی و 16 دەنگیش بە نەخێر پەسەندکرا و باس لەوە دەکات، پێویستە فرۆشتنی چەکی ئەمریکی بە تورکیا رابگیرێت و داواش لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کراوە زانیاری تەواو لەسەر داهاتی ئەردۆگان و بەرپرسانی تری تورکیا لە ئەمریکا بداتە کۆنگرێس بەمەبەستی سەپاندنی سزا بەسەر ئەوانیشدا.

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە بڕیارەکەیدا داوا دەکات سزای ئەو بەرپرسە تورکیانەش بدرێت کە راستەخۆ لە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باکوری سوریا بەشداربون



ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە بڕیارەکەیدا داوا دەکات سزای ئەو بەرپرسە تورکیانەش بدرێت کە راستەخۆ لە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باکوری سوریا بەشداربون "پێویستە لە ماوەی 30 رۆژدا ناوەکان رەوانەی کۆنگرێس بکرێت"، بڕیارەکە وەزیری بەگری، سەرۆک ئەرکان و دوەم بەرپرسی باڵای سوپای تورکیا و چەندین بەرپرسی دیکەش دەگرێتەوە کە راستۆخۆ لە هێرشەکان بۆ سەر باکوری سوریا بەشداربون.

ئەوە لە کاتێکدایە بەهۆی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر کورد و هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ناوچەکانی باکوری سوریا زیاتر لە 300 هەزار کەس ئاوارە بون و بە سەدان هاوڵاتی برینداربون و دەیان هاوڵاتی مەدەنیش کوژراون، بەو هۆیەش ئەندامانی کۆنگرێس لە سەرەتای هێرشەکانەوە داوای سەپاندنی سزایان بەسەر تورکیادا دەکرد.

ناوەڕاستی ئەم مانگەش کۆشکی سپی بڕیاریدا لەمەودوا ڤیزای هاتنەوە ناوەی ئەمریکا بە سێ وەزیری حکومەتی تورکیا نەدات کە ئەوانیش وەزیری بەرگری و دەرەوە و ناوخۆ بون، ئەوە بەو هۆکارەی بەشدری راستەوخۆیان لە هێرشەکانی سوپای تورکیا و گروپە چەکدارییە هاوپەیمانەکانیاندا هەبوە بۆ سەر ئیدارەی زۆرینە کورد لە باکوری سوریا.



خەندان
Top