دۆناڵد ترەمپ: پێدەچێت واشنتن ڤیدیۆی هێرشەکەی سەر ئەبوبەکر بەغدادی بڵاوبکاتەوە
ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعش بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی هێزەکانی ئەمریکا و شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە سوریا کوژرا، دواتریش هەریەکە لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی هەسەدە کوشتنی خەلیفەکەی داعشیان پشتڕاستکردەوە.
پێدەچێت ڕێگەی پێبدەین، لەوانەیە هەندێک بەشی دیاریکراوی لێ وەربگرین و بڵاویبکەینەوە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەبارەی بڵاوبونەوەی گرتەی ڤیدیۆیی ساتی کوشتنی ئەبوبەکر بەغدادی رایگەیاند، "بیری لێدەکەینەوە، پێدەچێت ڕێگەی پێبدەین، لەوانەیە هەندێک بەشی دیاریکراوی لێ وەربگرین و بڵاویبکەینەوە".
دەزگای CIA زانیاریـیەکانی لە بارەی بەغدادی کۆکردوەتەوە بە یارمەتی هێزە کوردیـیەکانی سوریا و دۆستانی ئەمریکا لە ناوچەکە، لەوانە هەرێمی کوردستان
ماڵپەڕی فۆرن پـۆلیسی ئەمریکی راپۆرتێکی لەبارەی کوشتنی ئەبوبەکر بەغدادی بڵاوکردەوە و رایگەیاندوە، کاربەدەستێک لە بەڕێوەبەراتی ئەمریکا وتویەتی، "دەزگای CIA زانیاریـیەکانی لە بارەی بەغدادی کۆکردوەتەوە بە یارمەتی هێزە کوردیـیەکانی سوریا و دۆستانی ئەمریکا لە ناوچەکە، لەوانە هەرێمی کوردستان".
ئاماژەی بەوەشکردوە، هێزی تایبەتی ئەمریکا لە هەولێر و ناو سوریا بە هەلیکۆپتەر براون بۆ شوێنی ئامانجەکە و کۆماندۆی هێزی تایبەتی ناسراو بە دێڵتا فۆرس هەڵیکوتاوەتە سەر حەشارگەکەی بەغدادی".
ئەبوبەکر بەغدادی ناوی تەواوی ئیبراهیم عەواد ئیبراهیم عەلی بەدری سامەڕائییە
ئەبوبەکر بەغدادی ناوی تەواوی ئیبراهیم عەواد ئیبراهیم عەلی بەدری سامەڕائییە، سەرۆکی رێکخراوی داعشە لە سوریا و عیراق، ساڵی 1971 لە نزیک قەزای سامەڕای سەر پارێزگای سەلاحەدین لە دایک بوە.
لە 2014دا و دوای کۆنتڕۆڵکردنی موسڵ و زۆربەی ناوچە سوننەنشینەکانی دیکەی عێراق و روبەرێکی فراوان لە سوریا، بەغدادی خەلافەتی داعشی راگەیاند
لە 2014دا و دوای کۆنتڕۆڵکردنی موسڵ و زۆربەی ناوچە سوننەنشینەکانی دیکەی عێراق و روبەرێکی فراوان لە سوریا، بەغدادی خەلافەتی داعشی راگەیاند، ئەمریکا بڕی 25 ملیۆن دۆلاری بۆ هەرکەسێک تەرخانکردبوە کە شوێنی راستەقینەی بەغدادی ئاشکرا بکات یان بیکوژێت.
ئەبوبەکر بەغدادی سەرکردەی رێکخراوێک بو کە بوەتەھۆی کوژرانی دەیان هەزار کەس و سەدان هەزار کەسی دیکەش بەهۆی هێرشی ئەو رێکخراوەوە لە عێراق و سوریا ئاوارە و بێماڵ بون، هاوکات دەیانی شاری مێژویی و ئاینی لە عێراق و سوریا خاپوربون.
خەندان
