پەرلەمانی بەریتانیا شکست بە هەوڵێکی بۆریس جۆنسۆن دەهێنێت

 پەرلەمانی بەریتانیا شکست بە هەوڵێکی بۆریس جۆنسۆن دەهێنێت


پەرلەمانی بەریتانیا شکست بە هەوڵێکی سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەی دەهێنێت و داوایەکی رەت دەکاتەوە.

بۆریس جۆنسۆن، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا پێشنیازی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی لە 12-12-2019 کردبوو، بۆ دەربازبوون لەو ناکۆکییانەی لەنێوان پەرلەمان و حکوومەتەکەیدا هەیە.

جۆنسۆن بە توندی کار لەسەر چوونە دەرەوەی وڵاتەکەی لە یەکێتیی ئەوروپا (بریکزیت) بەبێ رێککەوتن دەکات و پەرلەمانیش بریکزیت بەبێ رێککەوتن، رەت دەکاتەوە.

رۆژی دووشەممە 28-10-2019، 299 پەرلەمانتاری بەریتانیا دەنگیان بە پێشنیازی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دا و 70 پەرلەمانتاریش دژی پێشنیازەکە بوون. بۆ پەسەندکردنی پێشنیازەکە، پێویست بوو دوو لەسەر سێی پەرلەمانتاران (417 پەرلەمانتار لە کۆی 650)، دەنگی پێ بدەن.

رۆژی شەممە 19-10-2019، پەرلەمانی بەریتانیا لەبارەی دوا بڕیاری وڵاتەکەی بۆ پرۆسەی بریکزیت لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا (رۆژی 31-10-2019)، کۆ بووەوە و پرۆسەکەی بۆ 31-1-2020 دواخست.

رۆژی 23-6-2016، %51.9ـی دەنگدەرانی بەریتانیا لە ریفراندۆمێکدا، دەنگیان بە چوونە دەرەوەی وڵاتەکەیان لە یەکێتیی ئەورووپا دا.






باسنیوز
Top