ئێران.. دەزگای دادوەری چوار پەنجەی دەستی تاوانبارێکی بڕییەوە

ئێران.. دەزگای دادوەری چوار پەنجەی دەستی تاوانبارێکی بڕییەوە
میدیاکانی ئێران بە پشتبەستن بە زانیاریی دادگای پارێزگای مازندەران، ئاشکرایان کردووە حوکمی بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی دزێک لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە جێبەجێ کراوە.

پێگەی (هەواڵنێرانی لاو) لەمبارەوە بڵاوی کردووەتەوە تاوانبارێک کەلە دادگا دانی بەوەدا ناوە 28 حاڵەتی دزیی لە ماڵ و موڵکی خەڵکدا ناوە، لەلایەن دادگاوە حوکمی بڕینەوەی دەستی بەسەردا سەپاوە و بەم بۆنەوە دەستی ڕاستی بڕاوەتەوە.

ڕێکخراوی مافی مەرۆڤ لە ئێران لەبارەی ئەو بڕیارەوە ئاشکرای کردووە ئەو کارە (پێشێلکاریی مافی مرۆڤ و دەربڕی ئەوپەڕی ئەشکەنجە)یە.

جێبەجێکردنی ئەو حوکمە لەلایەن هەندێ لە بەرپرسانی ئێران و ئەندامانی پەرلەمانی ئێرانەوە ڕەخنەی لێ گیراوە.

ساڵانە لەلایەن کۆمویۆنی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراو و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ ڕەخنە لە بڕیاری سێدارەی میرمنداڵان، بەردباران و بڕینەوەی ئەندامانی جەستەی تاوانباران لەلایەن ئێران دەگیرێت، هەرچەند ئێران بەڵێنیی داوە کە ئەو حوکمانە جێبەجێ ناکات، بەڵام هەر بەردەوامە.

بەپێی بەندی 201ی یاسای سزادانی ئیسلامی لە ئێران، ئاستی حوکمی دزی لەو وڵاتە لە قۆناغی یەکەمدا بڕینەوەی چوار قامکی دەستی ڕاست، قۆناغی دووەم بڕینەوەی لاقی چەپی تاوانبار و قۆناغی سێیەم زیندانی هەتاهەتایی و قۆناغی چوارەم حوکمی سێدارەیە.











باسنيوز
Top