پووتین بە تەلەفۆن نێوەڕۆکی رێککەوتنەکەی لەگەڵ ئەردۆغان بە ئەسەد گەیاند

پووتین بە تەلەفۆن نێوەڕۆکی رێککەوتنەکەی لەگەڵ ئەردۆغان بە ئەسەد گەیاند
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا و واژۆکردنی رێککەوتننامەیەک، ڤلادیمیرپوتین سەرۆکی رووسیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ئەنجامی رێککەوتنەکەی لەگەڵ سەرۆکی تورکیا بە بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریا راگەیاند.

دمیتری بیسکۆڤ، گوتەبێژی فەرمی کرملین رایگەیاند، سەرۆکی رووسیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ بەشار ئەسەد ئەنجامدا و تێیدا بەندە سەرەکییەکانی ئەو رێککەوتننامەیەی بۆ ئەسەد شیکردووەتەوە کە لە ئەنجامی گفتوگۆکاندا لەگەڵ ئەردۆغان لەسەری رێککەوتوون.

گوتەبێژی فەرمی کرملین ئاماژەی بەوەکرد، ئەسەد سوپاسی پووتینی کردووە و دووپاتیکردووەتەوە پشتیوانی تەواوی ئەنجامەکانی ئەو کارە دەکات و هێزەکانی پاسەوانی سنووری سووریا ئامادەن بچنە سنووری نێوان سووریا و تورکیا بە هاوکاری لەگەڵ پۆلیسی سەربازی رووسی.

یەکێک لە خاڵەکانی رێککەوتنەکەی نێوان تورکیا و رووسیا باس لەوە دەکات، لە 23ی تشرینی یەکەمی 2019 دوای کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆوە پۆلیسی سەربازی رووسیا لەگەڵ پاسەوانانی سنووریی سووریا ئەو سنوورەی سووریا - تورکیا کە دەکەوێتە دەرەوەی سنووری ئۆپەراسیۆنی کانیاوی ئاشتی بەرەو سنووری سووریا دەچنەژوورەوە بۆ کارئاسانکردنی کشاندنەوەی یەپەگە و چەکەکانی بە مەودای 30 کیلۆمەتر لە سنووری تورکیا - سووریاوە.

هەر لەوبارەوە ئاژانسی سانای سووریا بڵاویکردەوە، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سەرۆکی رووسیا دووپاتیکردەوە لە یەکێتی و سەروەری سووریا بە خاک و گەلەوە و هەر رێککەوتنێک لەنێوان رووسیا و تورکیا جەخت دەکاتەوە لە بەرەنگاربوونەوەی هەموو شێوەکانی تیرۆر و هەڵوەشانەوە هەر ئەجێندایەکی جوداخوازی لە خاکی سووریا.

لای خۆیەوە سەرۆکی سووریا بە هەموو شێوەیەک هێرش و پەلاماری سەر خاکی سووریا رەتکردەوە لەژێر هەر ناو و پاساوێک بێت و راشیگەیاندووە، دۆخی ئێستا لە ئەستۆی ئەوانەیە کە خاوەن ئامانجی جوداخوازین.

ئەسەد دووپاتیکردەوە لە گەڕانەوەی دانیشتووان بۆ ناوچەکانیان بۆ راگرتنی هەر هەوڵێکی گۆڕینی دیمۆگرافیا. هەروەها جەختیکردووەتەوە لە بەردەوامبوونی سووریا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و داگیرکردنی هەر بستێکی خاکی سووریا بە هەموو رێگەیەکی رەوا.
Top