نەتەنیاهۆ لە پێکهێنانەوەی حکوومەت شکست دەهێنێت

 نەتەنیاهۆ لە پێکهێنانەوەی حکوومەت شکست دەهێنێت


سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئیسرائیل لە پێکهێنانەوەی حکوومەتی وڵاتەکەی شکستی هێنا و کاغەزی پێکهێنانی حکوومەتی رادەستی سەرۆکی وڵاتەکەی کردەوە.

رۆژی سیشەممە 17-9-2019، هاووڵاتییانی ئیسرائیل چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتەکەیان. لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە، پارتی لیکۆد بە سەرۆکایەتیی بنیامین نەتانیاهۆ 32 کورسیی کنێستی مسۆگەر کردووە و پارتی شین و سپیش بە سەرۆکایەتیی بینی گانتس 33 کورسی بە دەست هێناوە.

رۆفلین ریفلین، سەرۆکی ئیسرائیل کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆ، (سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەر و سەرۆکی پارتی لیکۆد) و بینی گانتس، سەرۆکی پارتی سپی و شین ئەنجام دا و دواتر نەتانیاهۆی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی وڵاتەکەی، راسپارد.

بەهۆی شکستهێنانی لە مسۆگەرکردنی دەنگی پێویست لە پەرلەمانی وڵاتەکەی، لە پێکهێنانی حکوومەتیش شکستی هێنا و کاغەی راسپاردنەکەی رادەستی رۆفلین ریفلین کردەوە.

سەرۆکی ئیسرائیل رایگەیاندووە، رۆژی پێنجشەممە 24-10-2019، بینی گانتس، رکابەری سەرەکیی بنیامین نەتانیاهۆ بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی وڵاتەکەی، رادەسپێرێت.

دوای راسپاردنی، بنیامین نەتانیاهۆ داوای لە بینی گانتس کردووە بەشداریی پێکهێنانی حکوومەتەکەی بکات، بەڵام گانتس رەتی کردووەتەوە بەشداری بکات و رایگەیاندووە، بەشداریی حکوومەتێک ناکات، کە سەرۆکەکەی رووبەڕووی تۆمەتی گەندەڵی ببێتەوە.

کنێست (پەرلەمان)ی ئیسرائیل لە 120 ئەندام پێک دێت و کام لایەن زۆرینەی کورسییەکان بە دەست بهێنێت، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دیاری دەکات، بەڵام پێویستە رەزامەندیی 61 پەرلەمانتار، بەدەست بهێنێت.

بنیامین نەتانیاهۆ، کە لە ساڵی 1949 لەدایک بووە، چەندین پۆستی باڵای وڵاتەکەی وەرگرتووە و چەند خولێکیش (لە 1996-1999) و (2009- 2019) سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بووە.





باسنيوز
Top