ئێران: هەبوونی هێزی تورکیا لە سووریا قبوڵنەکراوە

ئێران: هەبوونی هێزی تورکیا لە سووریا قبوڵنەکراوە
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هەبوونی هێزەکانی تورکیا لە سووریا و دامەزراندنی بنکەی سەربازی لەو وڵاتە قبوڵکراو نییە و تورکیا بەم هەنگاوەی رووبەرووی ناڕەزایەتی ئێران و وڵاتانی دیکەش دەبێتەوە.

عەباس موسەوی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژی دووشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، هەبوونی هێزی تورکیا و دامەزراندنی بنکەی سەربازی لە سووریا کە وڵاتێکی خاوەن سەروەری و ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانە قبوڵکراو نییە.

مووسەوی راشیگەیاند، هەنگاوێکی لەو جۆرە بەشێوەیەکی سرووشتی رووبەڕووی ناڕەزایی کۆماری ئیسلامی ئێران و وڵاتانی دیکەش دەبێتەوە.

لەسەرەتای ئەم مانگەوە دوناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا بڕیارى کشانەوەى هێزەکانی لە سووریا و روژئاواى کوردستان دەرکرد. دوای ئەوە لە 9ـی ئەم مانگەوە بەشێک لە هێزە چەکدارەکانى ئۆپۆزیسیونى سووریا بەهاوکاری تورکیا هێرشیان کردەسەر روژئاواى کوردستان، هەر چەندە بڕیارى کشانەوەى هێزى ئەمریکى لە سووریا کاردانەوەى جیای لێکەوتەوە، بەشێک لە بەرپرسانى ئەمریکى و چەند وڵاتێکى دیکەى جیهان رەخنەیان لە بڕیارەکەى ترەمپ گرت، بەڵام ترەمپ بێ گوێدانە رەخنەکان هێزەکانی کشاندەوە.

لەدوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان، سەرێ کانی لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا و سوپای تورکیا هێرشی تووندی کرایە سەر و گەمارۆدرا، بەڵام بەپێی رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و تورکیا، هەسەدە لە شارەکە کشانەوە و ئێستا ئەو شارە لە ژێر کۆنترۆڵی تورکیادایە.

دەقی قسەکانی عەباس موسەوی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران "ئەگەر مەبەستت بوونی سەربازییانەی تورکیایە لەسەر خاکی سووریا و هەروەها دامەزراندنی بنکەی سەربازی تورکیایە لە سووریا، ئەمە شتێکی قبوڵکراو نییە ، وەک گوتم، ئەمە شەڕەنگێزییە دژی سەروەری و یەکگرتوویی خاکی وڵاتێکی سەربەخۆ کە ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانە. بۆیە بەشێوەیەکی سرووشتی رووبەڕووی ناڕەزایی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەروەها وڵاتانی دیکەش دەبێتەوە."
Top