ئەردۆغان باسی چاوتێبڕین لە خاکی وڵاتان دەکات
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە کۆنگرەیەکی کەناڵی (TRT) لە ئیستەنبوڵ، رایگەیاندووە، تورکیا هەرگیز لەگەڵ ”رێکخراوە تیرۆریستییەکان“ دانوستاندن ناکات.
رەجەب تەییب ئەردۆغان رەتی کردووەتەوە وڵاتەکەی چاوی لە داگیرکردنی خاکی وڵاتانی دیکە بێت و رایگەیاندووە، ”تورکیا تەنیا بیر لە پاراستنی سنوورەکانی خۆی دەکاتەوە“.
ئەو لێدوانەی ئەردۆغان لەکاتێک دایە، کە نزیکەی دوو هەفتەیە سوپای وڵاتەکەی هێرش دەکاتە سەر رۆژئاوای کوردستان (باکووری رۆژهەڵاتی سووریا) و تا ئێستا دەستی بەسەر چەند ناوچەیەکدا گرتووە.
رۆژی چوارشەممە 9-10-2019، بە سەرپەرشتیی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، هێرشی زەمینی و ئاسمانیی سوپای تورکیا و گرووپە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، دەستی پێ کرد.
باسنيوز
