بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر داوای رەوانەکردنی هێزی نێودەوڵەتی دەکات
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لەماوەی سێ رۆژی ئاگربەستدا، تورکیا و هێزە چەکداران لە هێرش و پەلامارەکانیان نەوەستان، بەهۆیەوە 25 شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە و 17 ی دیکە برینداربوون. بە بۆردوومانی هەڕەمەکی لە سەرێ کانی 17 خەڵکی سڤیل گیانیان لەدەستداوە و دەیان تەرم لە نێو داروپەردووی خانووە رووخاوەکان دۆزراونەتەوە کە هەندێکیان بەهۆی بەکارهێنانی چەکی قەدەخەکراوی نێودەوڵەتی وەک فسفۆری سپی سووتاون. لەو ماوەیەدا سوپای تورکیا بەردەوام بووە لە ناردنی هێز و ئەمەش پێشلکردنی ئاگربەست بووە.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاماژەی بەوەکردووە، هێزەکانی تورکیا و چەکداران چەندین تاوانی کوشتن، رفاندن، دزین، تاڵان و هەڕەشەکردنیان ئەنجامداوە، وەک ئەوەی پێشتر لە عفرین ئەنجامیاندا. ئەمریکاش کە بەرپرسە لە بەدواداچوونی ئەو ئاگربەستە بێدەنگ بووە وەک هێزێکی گەرەنتیکاری نێوان هەردوولا.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە سەرسوڕمانییەوە لە لێدوانەکەی دۆناڵد ترەمپ دەڕوانێت کە رایگەیاندبوو، پرۆسەی ئاگربەستی کاتی بە سەرکەوتوویی بەڕێوەدەچێت و لایەنی تورکی پێوەی پاندبووە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دووپاتیدەکاتەوە تورکیا و چەکدارەکان بەهیچ شێوەیەک پابەندی رێكکەوتن نەبوون و بەردەوام پێشلیان کردووە.
هەروەها دەڵێت، لێدوانەکانی ترەمپ لەبارەی ئەوەی دانیشتووانی کورد لە ناوچەی نوێ نیشتەجێ دەکەن دەرگە لەبەردەم پاکتاوی نەژادی دروستدەکات کە تورکیا ئامانجییەتی ئەنجامی بدات، چونکە خەڵكی سڤیل لە ناوچەکانیان لە سەرێ کانی و گرێ سپی ئاوارەبوون و پێویستە ئەمانە بە گەرەنتی نێودەوڵەتی بگەڕێنەوە ناوچەکانیان و لە ژێر پاراستنی نێودەوڵەتییدا بن و ئاماژە بەوەشدەکات کە "ئێستا تورکیا سوومەندە لە کۆمەڵکوژکردنی گەلەکەمان و پێویستە ئەمریکا بەرپرسیاریەتی تەواو بگرێتە ئەستۆ".
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات گوشار بخاتە سەر تورکیا بۆئەوەی هێزەکانی لەو ناوچانە بکێشنێتەوە کە کۆنتڕۆڵی کردوون، داواش دەکات کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هێزی نێودەوڵەتی رەوانە بکەن بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیل لە هەموو پێشلکارییەک. دەشڵێت "تورکیا چەکی قەدەخەکراوی نێودەوڵەتی بەکارهێناوە دژی گەلەکەمان و داواش دەکات لیژنەیەک دەستبەجێ لێکۆڵینەوە بکات لە بەکارهێنانی چەکی قەدەخەکراوی نێودەوڵەتی و لێکۆڵینەوە بکات لە کووشتنی خەڵکی سڤیل".
