نووسەرانی توركیا داوا دەكەن توركیا پاڵپشتیی سوپای سووریای ئازاد نەكات
ئەمین چۆڵەشان نووسەری دیاری رۆژنامەی (سۆزجو)ی توركی، لە نووسینێكدا كە ئەمڕۆ ٢٠ی١٠ی٢٠١٩ بڵاوی كردووەتەوە، دەڵێت سوپای سووریای ئازاد سوپا نییە و سەربازیش نییە، بەڵكوو كۆمەڵێك كەسن پرچدرێژ و ریشنن و ترسناكیشن.
ئەو نووسەرە پێی وایە ئەو سوپایە هیچ جیاوازییەكی لەگەڵ گرووپی تیرۆرستی داعشدا نییە و وەكوو ئەوان بیر دەكەنەوە. دەشڵێت پێشتر لەلایەن سعوودیاوە هاوكاری دەكران بۆ لەناوبردنی ئەسەد، بەڵام ئێستا توركیا پشتگیرییان دەكات.
ئەمین چۆڵەشان دەنووسێت: "بەرپرسانی مەهەپە كە خۆیان بە نەتەوەپەرست دەزانن، بەدڵنیاییەوە ئەو رەزالەتەی سوپای سووریای ئازاد دەبینن، بەڵام بێدەنگییان هەڵبژاردوە و بەداخەوە كە تاكوو ئێستا بێدەنگن. ئەو لۆگۆیەی بەسەر دەستی ئەو كەسانەوەیە دیارە كە سووكایەتییە بە دەوڵەت و نەتەوەی توركیا، چونكە سوپای توركیا خۆی بەهێزە و پێویستی بەوان نییە".
ئەو نووسەرە ئاماژە دەدات، كە ماوەیەكی تر سوپای توركیا هێرشی گەورەتر ئەنجام دەدات، بۆیە تا زووە با كۆتایی بە سوپای سووریای ئازاد بهێنرێت و ئەو سووكایەتییە رابگیرێت.
پێشتریش چەند نووسەرێكی دیاری توركیا هەمان داواكارییان هەبووە و، پێیان وابووە بۆ پێگە و ناوبانگی توركیا خراپە ئەو سوپایە بكاتە پێشڕەوی خۆی لە شەڕدا.
یەڵماز ئۆزدیل بۆ هەمان رۆژنامەی وتارێكی نووسیوە و دەڵێت هەرگیز نابێت قبووڵ بكرێت سوپایەكی لەو شێوەیە لە ریزی سوپای توركیادا شەڕ بكات، لەوەش ناخۆشتر حكوومەت ناوی لەو سوپایە ناوە (سوپای میللیی توركیا).
ئەگەرچی لە زۆربەی میدیاكانی جیهانی وەحشییەت و دڕەندەیی و تاڵانچییەتی ئەو سوپایە باس دەكرێت و بە ڤیدیۆ بڵاو دەكرێتەوە، كە هیچ جیاوازییەكیان لەگەڵ داعشدا نییە، بەڵام حكوومەتی توركیا بە هەموو شێوەیەك قەدەغەی كردووە لە میدیاكانی توركیاوە باس لە وەحشیگەریی ئەو سوپایە بكرێت و هەر تەلەڤزیۆنێكیش باس لە وەحشیگەریی ئەو سوپایە بكات رووبەڕووی سزای توند دەبێتەوە.
چەند رۆژێك بەرلە ئێستاش نووسەری دیاری رۆژنامەی (حوریەت)ی توركی (ئێرتوغرول ئۆزكۆك)، بە هەمان شێوە داوای كرد توركیا دەستبەرداری ئەو سوپایە بێت، چونكە لە دنیادا ئەو سوپایە وەكوو تیرۆرست مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت و نموونەی عەفرینی هێنایەوە كە دوای داگیركردنی ئەو شارە دەستیان بە تاڵانی و كوشتن كرد.
ئۆزكۆك داوای لە حكوومەت كرد هەرچی زووە ئەو سوپایە لە شەڕ بكشێنێتەوە، چونكە بۆ توركیا و میللەتی توركیا خراپە سوپایەكی لەو شێوەیە پێشڕەویان بێت.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە چەند میدیایەكی توركیا بڵاو كراوەتەوە، دوای ئەوەی سوپای سووریای ئازاد چەند كوردێكی سڤیلیان لە نزیك سەرێكانی بە دیل گرت و پاشان گوللەبارانیان كردن، حكوومەتی توركیا بە فەرمی لێیانی قەدەغە كردووە كە وێنەی دیلەكان بگرن و بڵاوی بكەنەوە.
باسنيوز
