سەرۆكوەزیرانی هیندستان سەردانەكەی بۆ توركیا هەڵوەشاندەوە

سەرۆكوەزیرانی هیندستان سەردانەكەی بۆ توركیا هەڵوەشاندەوە
بڕیار بوو لەم مانگەدا سەرۆكوەزیرانی هیندستان بە سەردانێكی فەرمی بگاتە توركیا و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان كۆ ببێتەوە، بەڵام میدیاكانی هیندستان بڵاویان كردەوە، كە سەرۆكوەزیرانی هیندستان سەردانەكەی هەڵوەشاندووەتەوە.

رۆژنامەی (سۆزجو)ی توركی، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠ی١٠ی٢٠١٩ بە پشتبەستن بە چەند میدیایەكی هیندستان هەواڵێكی بڵاو كردووەتەوە، كە (ناراندرا مۆدی) سەرۆكوەزیرانی هیندستان سەردانەكەی بۆ توركیا هەڵوەشاندوەتەوە.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە میدیاكانی هیندستان بڵاو كراونەتەوە، مانگی رابردوو لە كۆبوونەوەی نەتەوە یەكگرتووەكاندا، رەجەب تەییب ئەردۆغان لە وتارەكەیدا باسی كشمیری كردووە، كە گوتبووی ئێستا بووەتە شوێنێكی نائارام و ٣ ملیۆن كەس ناتوانن بێنە دەرەوە. ئەردۆغان داوای كرد كێشەی كشمیر لە نێوان هیندستان و پاكستاندا چارەسەر بكرێت و تا ئاستێكیش هیندستانی بە تۆمەتبار زانی و گوتی كشمیر داگیر كراوە، بۆیە ئەم گوتانەی سەرۆك وەزیرانی هیندستانی تووڕە كردووە و، بڕیاری داوە سەردانەكەی بۆ توركیا هەڵبوەشێنێتەوە.

رۆژنامەی (سۆزجو)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، كە مۆدی ئامادە نییە بچێتە وڵاتێك سەرۆكی ئەو وڵاتە بە خراپە باسی هیندستان بكات و كشمیر بە داگیركار وەسف بكات.












باسنيوز
Top