خۆپیشاندانەکانی لوبنان دەستیان پێ کردەوە و نەسروڵڵا هەڕەشە دەکات
خۆپیشاندانەکانی لوبنان دەستیان پێ کردەوە و لە گرتەیەکی ڤیدیۆییشدا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵاش هۆشداریی دەداتە حزبێکی وڵاتەکەی.
حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنانی لە رێوەسمێکدا، هۆشداریی دایە ئەو حزبانەی دەیانەوی ”لەو کاتەدا“ لە حکوومەت بکشێنەوە و رایگەیاند، ئەوانەی ئێستا لە حکوومەت دەکشێنەوە، دەبێ دادگایی بکرێن.
دوای ئەو هۆشدارییەی حەسەن نەسروڵڵا، حزبی قواتی لوبنانی چوار وەزیری خۆی لە حکوومەتی لوبنان کشاندەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 20-10-2019، خۆپیشاندەران بۆ رۆژی چوارەم رژانەوە سەر شەقامەکان و داوای چاکسازی و هەڵوەشاندنەوەی حکوومەت دەکەن.
خۆپیشاندانەکانی لوبنان لە ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 17-10-2019ـەوە دەستیان پێ کردووە و تێیدا خۆپیشاندەران داوای چاکسازی و هەلوەشاندنەوەی حکوومەتەکەیان، دەکەن.
لوبنان وڵاتێکی عەرەبییە و کەوتووەتە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، لە هەرسێ پێکهاتەی عەرەبی سوننە، عەرەبی شیعە و مەسیحی پێک دێت و پۆستە سیادییەکان بەپێی عورفێک بەمشێوەیە یەکلا کراونەتەوە؛
- سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ پێکهاتەی مەسیحی
- سەرۆکایەتیی وەزیران بۆ پێکهاتەی سوننەمەزهەب
- سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ پێکهاتەی شیعەمەزهەب
بەهۆی ناکۆکیی سیاسیی و دەستوەردانی وڵاتانی دەرەکی، لە ساڵی 1975 تا 1990 شەڕی ناوخۆیی لەنێوان پێکهاتەکان دروست بوو و بووە هۆی کوژرانی 120 هەزار کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە ناوخۆی وڵاتەکە.
باسنیوز
