سەرۆکایەتیی تورکیا وەڵامی نامەکەی ترەمپ دەداتەوە

 سەرۆکایەتیی تورکیا وەڵامی نامەکەی ترەمپ دەداتەوە


سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا وەڵامی نامەکەی سەرۆکی ئەمریکا دەداتەوە، کە تێیدا بە ئەردۆغانی گوتبوو، ”گەمژە مەبە“.

ئیبراهیم کاڵن، گوتەبیژی سەرۆکایەتیی تورکیا بە ئاژانسی (ئەسۆشێیتد پرێس)ی راگەیاندووە، کە نامەکەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکای بەدەست گەیشتووە، تووشی سەرسوڕمان بووە و گەیاندوویەتییە رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری ولاتەکەی.

ئیبراهیم کاڵن هەروەها رایگەیاندووە، ئەردۆغان پێی راگەیاندووە، کە بە ئەمریکییەکان بڵێ نامەکە بە تەواوی رەت دەکەنەوە.

رۆژی 9-10-2019 (یەکەم رۆژی هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان)، دۆناڵد ترەمپ نامەیەکی بۆ رەجەب تەییب ئەردۆغان نارد، کە تێیدا بە ئەردۆغانی راگەیاندبوو، ”ئەگەر لە هێرشەکەتان بۆ سەر باکووری سووریا شتی باش روو نەدا، جیهان وەک شەیتانێک سەیرت دکات، گەمژە مەبە“.

رۆژی هەینی سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، کە لەگەڵ ترەمپ پەیوەندییەکی ”خۆشەویستی و رێزگرتن“ کۆی دەکاتەوە، بەڵام ”هەرگیز“ ئەو نامەیە لەبیر ناکات.

رۆژی چوارشەممە 9-10-2019، بە سەرپەرشتیی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، هێرشی زەمینی و ئاسمانیی سوپای تورکیا و گرووپە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، دەستی پێ کرد.





باسنیوز
Top