ماکرۆن: هێرشەکەی تورکیا بووەتە هۆکاری کارەساتێکی مرۆیی راستەقینە
ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا پێش چوونی بۆ هۆڵی کۆبوونەوەی لووتکەی سەرکردەکانی ئەوروپا لە برۆکسل سەبارەت بە مژاری سەرەکی کۆبوونەوەکەیان گوتی: "بێ گومان ئێمە باسی مژارە جێیۆپۆلیتیەکانیش دەکەین، بەتایبەت هێرشی تورکیا لە دژی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا. لەسەر ئەم خاڵە بە هیوام جارێکی دیکە ئێمە هەڵوێستێکی یەکگرتوو و بەهێز دەربارەی شەرمەزارکردنی ئەم هێرشە بدەین و هەموومان بەیەکەوە فرۆشتنی چەکەکان بە تورکیا راگرین، لەگەڵ هاوبەشە سەرەکییەکانمان کۆتایی بەم هێرشە بهێنین کە بووەتە هۆکاری کارەساتێکی مرۆیی راستەقینە و مەترسی گەڕانەوە و بوژانەوەی داعش".
هەروەها دەیڤید ساسۆلی، سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا رایگەیاند: "سزای تووندی ئابووری و هەنگاوی دیپلۆماسی و سیاسی بەهێز پێویستن بۆ وەستاندنی ئەو شەڕە و دەرخستنی ئەو راستیەی کە تورکیا بژاردەیەکی زۆر خراپی هەڵبژاردووە بۆ هێرشکردنە سەر سووریا و کردنە ئامانجی خەڵک. خەڵکی کورد لەگەڵ ئێمە دژی داعش مانەوە و دڵنیایی بوون بۆ ئاسایشمان و هەربۆیە دەبێت زۆر بەو خەڵکە ببەخشین".
