سوپای رژێمی سووریا دەچێتەوە ناو رەققە
بەپێی رێککەوتنێکی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و رژێمی سووریا، هەسەدە چەند ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا رادەستی رژێمی سووریا دەکاتەوە، کە شاری رەققە یەکێکە لە ناوچەکان.
ئەمڕۆ چوارشەممە 16-10-2019، سوپای رژێمی سووریا چووەوە ناو شاری رەققە و ئاڵای رژێمەکەی بەرز کردەوە.
هەسەدە وەک سەرکردەکانی باسی دەکەن، بە خوێنی نزیکەی 11 هەزار شەهیدی کورد رەققە و ناوچەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان و سووریای لە ریکخراوی تیرۆریستی داعش پاک کردبووەوە.
شاری رەققە لە ساڵی2014 بە تەواوی لەلایەن داعشەوە داگیر کرا و ئەبوبەکر بەغدادیی خەلیفەی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە، ئەو شارەی وەک پایتەختی رێکخراوەکەی ناساند.
رێککەوتنی هەسەدە و رژێمی سووریا دوای هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان واژۆ کرا و رژێمیش ناوی هەسەدەی بۆ فەیلەقی پێنجی سوپای عەرەبیی سووریا، گۆڕی.
رۆژی چوارشەممە 9-10-2019، بە سەرپەرشتیی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، هێرشی زەمینی و ئاسمانیی سوپای تورکیا و گرووپە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، دەستی پێ کرد.
باسنيوز
