ئەمریکا هەوڵی سزادانی بانکێکی تورکیا دەدات

 ئەمریکا هەوڵی سزادانی بانکێکی تورکیا دەدات


وەزارەتی دادی ئەمریکا بانکێکی کۆماری تورکیا بە پێشێڵکردنی سزا و گەمارۆکانی سەر ئێران، تۆمەتبار دەکات و هەوڵی سزادانی دەدات.

وەزارەتی داد لە بەیاننامەیەکدا، رایگەیاندووە، ئێران سەرەڕای گەمارۆکانی سەری، لە نێوان ساڵانی 2012-2016 لەڕێی بانکی (هاڵک بانک)ـەوە دەستی بە چەندین ملیار دۆلار گەیشتووە.

وەزارەتی دادی ئەمریکا ئاماژەی بە تۆمەتبارکردنی هاڵک بانک بە (فێڵکردن، شوشتنەوەی پارە و پێشێڵکردنی سزاکانی سەر ئێران)، کردووە و ئەوان بەدواداچوون بۆ سزادانی ئەو بانکە دەکەن.

هاڵک بانک دەزگایەکی ئابووریی گەورەی تورکیایە و حکوومەتی ئەو وڵاتە خاوەنی زۆینەی پشکەکانییەتی.

هێنانەپێشەوەی ئەو باسە هاوکاتە لەگەڵ هەڕەشەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، کە رایگەیاندبوو، ئەگەر تورکیا لە سنووری خۆی لە هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان دەربچێت، ئەوا ”ئابووریی تورکیا وێران دەکەم“.

رۆژی چوارشەممە 9-10-2019، بە سەرپەرشتیی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، هێرشی زەمینی و ئاسمانیی سوپای تورکیا و گرووپە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، دەستی پێ کرد.






باسنیوز
Top