شارەزایەکی هەواڵگری ئەمریکی: ئەمریکا باجێکی گەورە لەبەرامبەر پشتکردنە هەسەدە دەدات

شارەزایەکی هەواڵگری ئەمریکی: ئەمریکا باجێکی گەورە لەبەرامبەر پشتکردنە هەسەدە دەدات
کێتی داڤیسن، شارەزای هەواڵگری و بەڕێوەبەری بەشی نوێبوونەوە لە پەیمانگەی توێژینەوەی شەڕی ئەمریکی بابەتێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە ئەمریکا بە ویستی خۆی لە سووریا کشایەوە، بەڵام باجێکی گەورە لە بەرامبەر ئەو هەڵەیە دەدات.

داڤیسن لە گوتارەکەیدا دەنووسێت، ئەو خیانەتەی ئەمریکا لە هەسەدە کردی وادەکات جارێکی دیکە ئەو هێزە ئامادەنەبێت کاری هاوبەش لەگەڵ واشنتن بکات. لەوەش زیاتر، هەنگاوەکەی واشنتن هۆشدارییەکە بۆ هەر هاوبەشێکی داهاتووی بواری تیرۆری ئەمریکا بۆئەوەی بەوردی بیربکاتەوە، چونکە ئەو کارە واتای ئەوەیە ئەمریکا تاوەکو کۆتایی لەگەڵیدا نابێت.

پشتگیری هاونیشتمانییان لە نێوخۆ هەروەها کوردانی تاراوگەش بۆ رۆژئاوا شوێنی خۆیگرتووە، بە لە بەرچاوگرتنی ئەو پشتگیرییانە، داڤیسن ئاماژەی بەوە کردووە، ئەمریکا رووبەڕووی راپەڕینێکی گشتیی کوردی دەبێتەوە کە ناوچە ناسەقامگیرەکە زیاتر پارچە پارچە دەکات؛ پێکهاتەی کوردی ناو هەسەدە بەشێکە لە تۆڕێکی هەرێمایەتی کە لە سووریاوە تاوەکو تورکیا و عێراق و ئێران درێژدەبێتەوە. کورد لەسەرانسەری ناوچەکەدا دەستی بە خۆپیشاندان کردووە، کەم گرووپی کوردی هەن هەڵوێستیان نەبێت، لە کاتێکدا ببینن جینۆساید روودەدات. هەرکات کورد وەک گەل جووڵا، ئیدی ناوچەکە جارێکی دیکە وەک خۆی لێنایەتەوە.

گەڕانەوە و خۆ رێکخستنەوەی داعش لە سەروبەندی ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا نیگەرانییەکی جیهانی دروستکردووە، داڤیسن لەو بارەیەوە دەڵێت، بڕیاری ئەمریکا بۆ کشانەوە لە سووریا هێزی دایەوە جیهادییەکان لە سەرانسەری جیهاندا، ئێستا گەڕانەوەی داعش بژاردەیەکە. تاکە هێزە زەبەلاحەکەی جیهان نەبوونی ویستی خۆی بۆ دڵنیابوونەوە لە تێکشکاندنی یەکجارەکی داعش پیشاندا و هەربۆیە ئێستا هیچ ئاستەنگێک لەبەردەم داعشدا نەماوە.

لە نووسینەکەی ئەو شارەزایەی پەیمانگەی توێژینەوەی شەڕی ئەمریکی دا هاتووە، ئەمریکا لە بنەمای ئەخلاقیشەوە پاشەکشەیکرد، فڕۆکەکانی تورکیا نەخۆشخانە، کەمپی ئاوارە و گوندەکان بۆردوومان دەکەن و هێزەکانی نزیک لە تورکیاش ئەو سیاسەتمەدار و چالاکوانانە دەکوژن کە ئەمریکا هانیدەدان. خەڵکی سڤیل دەکرێنە ئامانج و ئەردۆغانیش کورد لە ناوچە کوردنشینەکان لادەبات بۆئەوەی پەنابەری عەرەب لە شوێنیان نیشتەجێ بکات و ئەمریکاش هیچ کارێک ناکات.

کێتی داڤیسن لە کۆتایی بابەتەکەیدا دەنووسێت، ئەو بڕیارە واتای ئەوەیە چیدیکە ئەمریکا پێشەنگی جیهان نییە.
Top