سوپای پاسداران دەستبەسەرکردنی روحەڵڵا زەم رادەگەیێنێت

سوپای پاسداران دەستبەسەرکردنی روحەڵڵا زەم رادەگەیێنێت
سوپای پاسدارانی ئێران دەستبەسەرکردنی رۆژنامەڤانێکی ناسراوی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێرانی راگەیاند، کە نیشتەجێی فەرەنسا بوو.

سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، لە ئۆپەراسیۆنێکی ئاڵۆزدا و بە پشتبەستن بە تاکتیکی فریودان، روحوڵڵا زەم، بەڕێوەبەری ماڵپەڕ و کەناڵی ئامەدنیوزیان دەستبەسەرکردووە و بردوویانەتەوە بۆ ئێران.

سوپای پاسداران روحوڵڵا زەم وەک یەکێک لە سەردەستە میدیاییەکان دەناسێنێت کە لەلایەن وڵاتانی دژبەری کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانی دەکرا.

لە راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداران ئاماژەی بە شوێن، کات و چۆنییەتی دەستبەسەرکردنی ئەو رۆژنامەڤانە نەدراوە.

روحوڵڵا زەم لەدایکبووی ساڵی 1973ی تارانە. ساڵی 2009 لەمیانەی ناڕەزایەتییەکان لە ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران، بۆ ماوەیەک دەستبەسەرکرا. دوای ئازادبوونی ئێرانی جێهێشت و لە پاریس نیشتەجێ بوو، ماڵپەڕ و کەناڵێکی تێلێگرامی بە ناوی ئامەدنیوز دامەزراند و بانگەشەی ئاشکراکردنی نهێنییەکانی نێو دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دەکرد.

میدیای فەرمی ئێران ساڵی 2018 دۆکیۆمێنتارییەکی لەبارەی بڵاوکردەوە کە تێیدا ئاماژە بەوە درابوو، هێزە ئەمنییەکانی ئێران فێڵیان لێکردووە و زانیاری ساختە و ناڕاستیان لەڕێگەی ئەوەوە بڵاوکردووەتەوە.
Top