لە شەش ساڵدا 19 هەزار کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاست خنکاون
بەپێی ئاماری ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاکوو سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم، هەزار و 41 کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاستدا گیانیان لەدەست داوە، یان بێسەروشوێن بوون.
ساڵی 2016 خوێناویترین ساڵ بووە، بەپێی ئامارەکان، لەو ساڵەدا پێنج هەزار و 143 کۆچبەر لە ئاوەکانى دەریای ناوەڕاستدا خنکاون.
ئاماری بێسەروشوێنبووەکان، یان گیان لەدەستدانی کۆچبەران لە دەریای ناوەڕاست لە نێوان ساڵەکانى 2014 تاکوو 2018 بەم جەشنەیە:
لە ساڵی 2014دا، سێ هەزار و 280 کۆچبەر
لە ساڵی 2015دا، سێ هەزار و 771 کۆچبەر
لە ساڵی 2016دا، پێنج هەزار و 143 کۆچبەر
لە ساڵی 2017دا، سێ هەزار و 139 کۆچبەر
لە ساڵی 2018دا، دوو هەزار و 297 کۆچبەر
بەپێی ئامارەکان، ساڵی 2018 ژمارەى گیان لەدەستدان و بێسەروشوێنبوونی کۆچبەران کەمی کردووە، بەڵام ژمارەى گەیشتوان بە وڵاتانی ئەورووپی زیادی کردووە.
ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی دەشڵێت، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاکوو مانگی تشرینی یەکەم، 72 هەزار و 263 کۆچبەر و پەنابەر گەیشتوونەتە وڵاتانی ئەورووپا کە 14%ی کەمترە لەو ژمارەیەی کە ساڵی ڕابردوو تۆمار کراوە کە 84 هەزار و 345 کۆچبەر بووە.
زۆرترین ژمارەى کۆچبەرانیش ڕوویان لە یۆنان کردووە کە نزیکەى 40 هەزار کەسە، هاوکات ئیسپانیاش لە پلەى دووەمدایە و 17 هەزار و 405 کۆچبەر گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە.
حەوت هەزار و 892 کەسیش گەیشتوونەتە ئیتاڵیا لە کاتێکدا لە هەمان مانگی ساڵی ڕابردوودا 21 هەزار و 119 کۆچبەر چوونە ئیتاڵیا.
باسنيوز
