ماکرۆن و مێرکڵ: بە ئەردۆغانمان گوتووە دەبێت شەڕەکەی بوەستێنێت
سەرۆککۆماری فەرەنسا رایدەگەیێنێت، سەبارەت بەهێرشی تورکیا بۆسەر باکووری سووریا، بەردەوام لەگەڵ ترەمپ لە پەیوەندیدا بووە و ساڵانێکە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ بە سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێن شەڕەکەی بۆ سەر ناوچەکانی باکووری سووریا دەستپێنەکات.
ئیمانوێل ماکرۆن لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی هاوبەش لەگەڵ ئەنگێلا مێرکل لە پاریس قسەیکرد، سەبارەت بە هەڵوێستی فەرەنسا لەبارەی هێرشەکانی تورکیا بۆسەر باکووری رۆژهەڵاتی سووریا رایگەیاند، پەیامەکەی بەروونی بە ئەردۆغان گەیاندووە، داوای لێکردووە شەڕەکەی لە باکوور یسووریا بووەستێنێت.
رۆژی یەکشەممە حکومەتی فەرەنسا کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی بە بەشداری سەرجەم بەرپرسە سەربازی و هەواڵگرییەکان ئەنجامداوە، دۆخی سووریا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بووە.
مێرکل تێڕوانینێکی هاوشێوەی لە کۆبوونەوەکە نیشانداوە، گوتوویەتی تورکیا مافی خۆیەتی نیگەران بێت لە هەڕەشەکانی سەر سنوور، بەڵام داوایکردووە ئەو نیگەرانیانە بەڕێگەی دیکە چارەسەربکرێن.
ماکرۆن ئەوەشی گوت، ئەو شەڕە مەترسی دروستدەکات، لە ئێستاوە مەترسییەکانمان لێدیارە. ئەو دۆخە مرۆییە لە کۆنترۆل دەردەچێت و لە هەمانکاتدا رێگەخۆشکەردەبێت بۆ داعش بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە ناوچەکە.
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییە هاوبەشەکەدا ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، قسەی لەگەڵ ئەردۆغان کردووە و پێیڕاگەیاندووە، "پێویستە کۆتاییەک بۆ ئەم داگیرکارییەی تورکیا دابنەین".
