هەڵبژاردنی خولی دووەمی سەرۆکایەتیی تونس بە بەشداریی دوو کاندید، ئەنجام دەدرێت.
لەو هەڵبژاردنەدا، نەبیل قوڕەوی، کاندیدی پارتی دڵی تونس و قەیس سەعید، ئەکادیمی و یاساناس، رکابەریی بۆ بوون بە سەرۆکی تونس و دانیشتن لە کۆشکی قورتاج (کۆشکی سەرۆکایەتیی تونس)، دەکەن.
لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تونس، کە رۆژی 15-9-2019 ئەنجام درا، نەبیل قوڕەوی و قەیس سەعید زۆرترین دەنگیان بەدەست هێنا، بەڵام هیچ کامێکیان نەیانتوانی %51ـی دەنگەکان بەدەست بهێنن.
نەبیل قوڕەوی لە 23-8-2019 بەتۆمەتی خۆدزینەوە لە دانی باج و گەندەڵیکردن، دەستگیر کرا و شەوی 9-10-2019، ئازاد کرا.
دوای کۆچی دوایی باجی قاید سەبسی، سەرۆکی تونس، پەرلەمانی ئەو وڵاتە بڕیاری دا رۆژی 15-9-2019 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە وڵاتەکەی ئەنجام بدرێت، لەکاتێکدا ئەگەر ئەو بارە لە ناکاوە نەهاتبوایە پێش، هەڵبژاردنەکە لە مانگی 11ـی ئەمساڵ ئەنجام دەدرا.
تونس وڵاتێکی عەرەبییە و کەوتووەتە باکووری کیشوەری ئەفریقیا. هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتانی لیبیا لە باشووری رۆژهەڵات و جەزائیر لە رۆژئاوا. ئەو وڵاتە سنوورێکی فراوانی لە رۆژهەڵاتەوە بە باکووری رۆژهەڵات تا دەگاتە باکوور و باکووری رۆژئاوا، کەوتووەتە سەر ئاوی دەریای ناوەڕاست.
باسنيوز
