ئیخوان موسلیمینی سووریا پشتگیریی هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان دەکات
ئیخوان موسلیمینی سووریا پشتگیریی خۆی بۆ هێرشی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان راگەیاند.
گرووپی ئیخوان موسلیمینی سووریا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، هێرشەکەی سوپای تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان ”وەرچەرخانێکی مێژووییە“.
ئیخوان موسلیمینی سووریا ئاماژەی بە هاوبەشیی بەرژەوەندیی گرووپە چەکدارییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و سوپای تورکیا کردووە و داوای لە عەشائیرە عەرەبییەکانی باکووری سووریا کردووە پاڵپشتیی سوپای تورکیا بکەن.
تا ئێستا قەتەر و پاکستان لەگەڵ ئیخوان موسلیمینی سووریا پشتگیریی خۆیان بۆ هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان نیشان داوە، کە بەپێی دوایین ئامار، بووەتە هۆی ئاوارەبوونی 100 هەزار هاووڵاتیی مەدەنی و گیان لەدەستدانی ژمارەیەکی دیکە.
رۆژی چوارشەممە 9-10-2019، بە سەرپەرشتیی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، هێرشی زەمینی و ئاسمانیی سوپای تورکیا و گرووپە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، دەستی پێ کرد.
ئیخوان موسلیمین رەوتێکی ئیسلامیی سیاسییە، چەندین حزب لە وڵاتانی ئیسلامی لەخۆ دەگرێت و زۆرینەی گەورە تیرۆریستانی جیهانی سەرەتا لە قوتابخانەی ئیخوان موسلیمین، وانەی جیهاد و توندوتیژییان وەرگرتووە.
لەسەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە کە لە مانگی ئاداری 2011 دەستی پێ کرد، بەشێکی ئیسلامییەکانی کوردستان خۆیان گەیاندە سووریا بۆ پاڵپشتیی ئیخوان موسلیمین لە دژی رژێمی سووریا و ئەو شەڕەیان بە جیهاد ناو دەبرد.
باسنيوز
