سه‌ركرده ئینجیلییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر كورد هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر تره‌مپ
له‌م باره‌یه‌وه فرانكلین گراهام، قه‌شه و موژده‌ده‌ری دیاری ئینجیلی، كه به یه‌كێك له نزیكترین هاوڕێیانی تره‌مپ داده‌نرێت، له تویتێكدا له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تۆڕی تویته‌ر داوای له لایه‌نگرانی كرد، له‌گه‌ڵ ئه‌و، نوێژ بۆ گیانی ئه‌و كه‌سانه بكه‌ن، كه به‌ر كاریگه‌ریی بڕیاره‌كه‌ی كۆشكی سپی بۆ كشاندنه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له باكووری سووریا ده‌كه‌ون.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، ئه‌و بڕیاره نیگه‌رانییه‌كی قووڵی به یه‌كسانی لای هه‌ردوو حزبی كۆماری و دیموكراته‌كانی ئه‌مه‌ریكای دروست كردووه، به‌وه‌ی كه پشت له كورد كراوه.
له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه بات رۆبێرتسۆن، میدیاكاری به‌ناوبانگی ئینجیلی، كه تا ئه‌م دواییانه‌ش یه‌كێك بووه له سه‌رسه‌ختترین پشتیوانانی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، هۆشداری ده‌دات، ئه‌گه‌ر تره‌مپ ده‌ستوه‌ردان نه‌كات بۆ وه‌ستاندنی هێرشی توركیا، ئه‌وا تره‌مپ ئه‌و پیرۆزییه له‌ده‌ست ده‌دات كه هه‌میشه ده‌ڵێت "من له ئاسمانه‌وه نێردراوم" و ده‌شڵێت: "ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردوغان دیكتاتۆر و خوێنمژه".
رۆبێرتسۆن سه‌رسامیی خۆشی له بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپ بۆ كشاندنه‌وه‌ی هێزه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له باكووری سووریا راگه‌یاند و ئه‌و بڕیاره‌ی "به ناپاكیكردن له هێزێكی دیموكراتخواز له باكووری سووریا" وه‌سف كرد، هه‌روه‌ها به زمانێكی توند ره‌خنه‌ی له تره‌مپ گرت و گوتی: "ئه‌و سه‌رۆكه‌ی رێگه‌ی به پارچه‌پارچه‌كردنی جه‌مال خاشوقچی، رۆژنامه‌نووسی سعوودی دا، ئێستاش رێگه به توركیا ده‌دات كورد و مه‌سیحی سه‌ر ببڕێن".
لای خۆشیه‌وه ئێریك ئێریسكون، میدیاكاری ئینجیلی له تویتێكدا له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی، داوای له نانسی بیلۆسی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مه‌ریكا كرد، به زووترین كات كار بۆ له‌كارلادانی تره‌مپ بكات و گوتی: "له‌وانه‌یه هێشتا كاتمان به‌ده‌سته‌وه بێت بۆ رزگاركردنی هه‌ندێك كورد".
ئه‌و ره‌خنانه‌ی سه‌ركرده دیاره‌كانی بزووتنه‌وه‌ی ئینجیلی، كاریگه‌ریی زۆریان له‌سه‌ر بانگه‌شه‌كانی تره‌مپ بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌مه‌ریكا ده‌بێت، به تایبه‌ت له له‌ده‌ستدانی متمانه‌ی بزووتنه‌وه‌ی ئینتجیلییه‌كان، كه له هه‌ڵبژاردنی پێشوودا پشتیوانییه‌كی سه‌رسه‌ختی سه‌رخستنی تره‌مپیان كردبوو.
