ڕووسیا: خوازیاری دانوستانی نێوان کورد و سووریا و تورکیاین
لەمبارەوە ماڵپەڕی (سکاینیوز) لەزاری سێرگئی لاڤرۆف -ەوە بڵاوی کردووەتەوە: "مەولوود چاوشئوغلوو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەلای من جەختی کردووەتەوە ئامانجیان لە ئۆپەراسیۆن بۆ ڕۆژهەڵاتی فورات، پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریایە".
لاڤرۆف ئاماژەی بەوەش کردووە: "دەوڵەتی سووریا و لایەنە کوردییەکان ئامادەیی خۆیان بۆ دانوستان ڕاگەیاندووە و مۆسکۆش ئامادەیە ئەم کارە جێبەجێ بکات".
وەزیری دەرەوەی رووسیا جەختی کردەوە: "ئەم پرسەمان چەندان جار دووپات کردووەتەوە، هەڵوێستی ئێمە چارەسەریی یەکجارەکیی قەیرانی سووریایە لەڕێگەی دانوستان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی لە دیمەشق لەگەڵ نوێنەرانی لایەنە کوردییەکانی دانیشتووی ئەو وڵاتە".
ئاماژەی بەوەش کردووە: "ئێمە لەگەڵ نوێنەرانی کورد و دەوڵەتی سووریا لە پەیوەندیداین و هانمان داون کە دانوستان بکەن و بەتایبەتی گرەنتیی پاراستنی سنوورەکانی سووریا و تورکیا بدەن و ئێمە ئەم ڕێکارە بە تاقە ڕێگەی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە دەزانین و ئاگادارین ئەوانیش ئامادەی دانوستانن و بەپێی توانای خۆمان بۆ دەسپێکی دانوستانەکان ڕێخۆشکەر دەبین".
سیرگئی لاڤرۆڤ ڕاشی گەیاندووە: "سیاسەتەکانی ئەمریکا لە سووریا لەوانەیە سەرلەبەری ناوچەکە بەرەو ئاڵۆزی و شەڕ ببات، بۆیە خوازیاری چارەسەری قەیرانی باکووری سووریا لەڕێگەی دانوستان لەگەڵ کورد، ئەنقەرە و دیمەشقین."
باسنيوز
