هەوڵی دیموکراتەکان بۆ دوورخستنەوەی ترەمپ فراوانتردەبێت

هەوڵی دیموکراتەکان بۆ دوورخستنەوەی ترەمپ فراوانتردەبێت
تاوەکو دێت هەوڵ و گوشاری دیموکراتەکان بۆ دوورخستنەوەی دۆناڵد ترەمپ لە دەسەڵات توندتر و فراوانتر دەبن، گوشارەکان تەنیا بۆ سەر ترەمپ نین و ئێستا دیموراتەکان لە مایک پێنسی جێگری سەرۆکیش دەکۆڵنەوە.

لەدواین گۆڕانکاریدا دیموکراتەکان دەستیان بە هەندێ بەڵگەنامە گەیشتووە، تێیدا دەردەکەوێت نێردەی ئەمریکا بۆ ئۆکراینا بە دیپلۆماتکارە ئۆکراینییەکان دەڵێت، ئەگەر سەرۆک زیلینسکی داواکارییەکانی ترەمپ جێبەجێ بکات وەکو پاداشتدانەوە بانگهێشتی واشنتن دەکرێت.

مایک پۆمپیۆ سەردانی هەروڵاتێک دەکات، لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی پرسیاری لێدەکرێت ئاخۆ ترەمپ و ئیدارەکەی ئەمجارە چۆن خۆیان لەو تۆمەتانە رزگاردەکەن کە دەدرێتە پاڵیان گوایە داوایان لە سەرۆکی ئۆکراینا کردووە لێکۆڵینەوە لە جۆبایدنی بەربژێری دیموکراتەکان بکات.

پۆمپیۆ لە وەڵامدا دەڵێت، دیموراتەکان وەزارەتی دەرەوەیان بێزارکردووە ئەوەندەی تەلەفۆن بۆ کارمەندان بکەن و داوای بەڵگەنامەیان لەسەر ئەو سکانداڵە لێبکەن. "روونە ئەوەی لەسەرمان بێت بە گوێرەی یاسا دەیکەین، من جارێک ئەندامی کۆنگرێس بوومە، ماددەی ژمارە یەک کۆمەڵە دەسەڵاتێک لەخۆ دەگرێت، ماددەی ژمارە دوو جەخت لە پاراستنی کارمەندانی وەزارەتی دەرەوە دەکاتەوە، بەڵام بەداخەوە بەدواداچوونەکانی کۆنگرێس کارمەندانی وەزارەتی دەرەوەیان بێزار و سەرزەنشت کردووە کە راستەوخۆ داوای بەڵگەنامەیان لێدەکەن".

ترەمپ کەم رۆژ هەیە ئەگەر لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیش نەبێت، لە توویتەر هێرش نەکاتە سەر دیموراتەکان.

سەرۆکی ئەمریکا ئەم تۆمەتانە هەمووی بە قسەی هەڵبەستراو بۆ مەرامێکی سیاسی ناودەبات و دەڵێت، بڕۆن لێکۆڵینەوە لە گەندەڵییەکانی جۆ بایدن بکەن کە لەگەڵ کوڕەکەی بەناوی بزنسەوە لە دەرەوەی وڵات ئەنجامیان داون.

هەوڵەکان بۆ دوورخستنەوەی ترەمپ لە دەسەڵات گەیشتووەتە کۆشکی سپی و داوای زانیاری لە بەرپرسانی کۆشکی سپیش دەکرێت.

ئەوەی زیاتر ترەمپ پێی پەستبووە، هەندێک لە کۆمارییەکان وەکو کیڤن مەرسی و مات رۆمنی بەربژێریش لەگەڵ ئەوەدان چارەنوسی ترەمپ بکەوێتە دەست ئەنجوومەنی نوێنەران.

نانسی پڵوسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران کە لەژێر کۆنترۆڵی دیموکراتەکانە، دەتوانێت دوورخستنەوەی ترەمپ بخاتە دەنگدانەوە، بەڵام دیموکراتەکان هێشتا بەدوای بەڵگە و زانیاری زیاتردا دەگەڕێن.
Top