زەریف: گوتارەکەی ترەمپ شکستی بە هەوڵەکان بۆ کۆبوونەوە هێنا
محەممەد جەواد زەریف بە پەیامنێرانی راگەیاند، ترەمپ لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد، سزاکانی سەر ئێران قورستر دەکات و ئەوەش پێچەوانەی ئەوەبوو کە ئەوروپییەکان باسیان دەکرد.
محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی: ""هاوکات لەگەڵ ئەوەی ئەو هەوڵانە دەدران، بەڕێز ترەمپ لە گوتارەکەیدا لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەشێوەیەکی فەرمی رایگەیاند کە هیچ نیازێکی نییە سزاکان کەمبکاتەوە و تەنانەت دەیەوێت سزاکانیش زیاد بکات. ئەوە تەواو پێچەوانەی ئەوەبوو کە ئەوروپییەکان بەناوی ئەوەوە دەیانگوت. ئەوان ئاماژەیان بەوەکرد کە ترەمپ ئامادەیە سزاکان سووک بکات".
ئەمریکا لە ئایاری 2018دا لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی کشایەوە و لەو کاتەوە مانگ دوای مانگ گوشارەکانی سەر ئێرانی زیادکردوون.
واشنتن دەڵێت، تاوەکو تاران سیاسەتی خۆی نەگۆڕێت، هەڵمەتی "ئەوپەڕ گوشار"ی لەسەر بەردەوام دەبێت. بەڵام بەرپرسانی باڵای ئێران دەڵێن، ئەو هەڵمەتە شکستیهێناوە و لەسەر کەمبوونەوەی پابەندییەکانیشیان بە رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەوە بەردەوام دەبن.
عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند: "تاوەکو ئەم کاتە، هەڵمەتی ئەوپەڕی گوشار شکستیهێناوە و پێتان دەڵێم، بەدڵنیاییەوە شکستدەهێنێت. ئێمە لە کەمبوونەوەی پابەندییەکانمان پەیوەندیدار بە رێککەوتنی ئەتۆمی بەردەوام دەبین. دەبێت ئەوە بەردەوام بێت".
بەڵام بەرپرسانی ئەوروپا لە هەنگاوەکانی ئێران بۆ کەمکردنەوەی پابەندییە ئەتۆمییەکانی نیگەرانن و داوادەکەن، ئێران نەبێتە هۆکارێک بۆئەوەی رێککەوتننامەکە بەتەواوی هەڵبوەشێتەوە.
