د. عەبدولحەكیم بەشار: ئامانجمان چەسپاندنی مافەکانی کوردە لە دەستووری سووریادا
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک پێکهینانی لیژنەی دەستووریی سووریای ڕایگەیاند، کە ١٥٠ کەس پشكداری نووسینەوەکە دەبن. لەوانە ٥٠ کەس لە ڕژێمی سووریا دەبن و ٥٠ کەس لە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان دەبن و ٥٠ کەسیش نەتەوە یەکگرتووەکان دیاریی کردوون.
د. عەبدولحەکیم بەشار، ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری سووریایە و هاوکات جێگری سەرۆکی ئیئتلافی نیشتمانیی ئۆپۆزسیۆنی سووریایە، لە لێدوانێکدا دەڵێت: "ئێمە توانیومانە دۆزی کورد بە هەموو هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان و هێزە نێودەوڵەتییەکانی وەک ئەمەریکا و ڕووسیا و هێزە ئیقلیمییەکانیش قبووڵ بکەین."
ئەو دەشڵێت: "لە نووسینەوەی دەستووردا ئێمە ئەو بڕوایەمان نییە کە هەموو داخوازییەکانی کورد لە دەستووردا جێبەجێ بکرێن، بەڵام هەنگاو بە هەنگاو کار دەکەین بۆ ئەوەی هاوشێوەی هەرێمی کوردستان هەر لە سەردەمی بارزانیی باوکەوە تا ئێستا، لە چوارچێوەی وڵاتێکدا مافە دەستوورییەکانی خۆمان بچەسپێنین."
گوتیشی: "ئێمە ڕێبازی پارتی و بارزانی دەگرینە بەر، خەبات دەکەین لەپێناو بەدێهێنانی مافەکانی کورد، هەر لە حوکمی زاتییەوە تا سەربەخۆیی، ئەمەش بەرخۆدانی دەوێت."
ناوبراو گوتیشی: "هەموو ئامانجێکمان ئەوەیە مافە ڕەواکانی گەلی کورد لە دەستوورەکەدا جێ بگرن، کە دەبێتە بنکەی سەرەکیی مافی کورد، بۆ ئەوەی لە دەستووردا کورد وەک نەتەوە و خاکی کوردستان و کەلتووری کورد دیاری بکرێن و ددانییان پێدا بنرێت."
دەربارەی کەمیی ڕێژەی کورد لە لیژنەکەدا گوتی: "ڕاستە، ڕیژەی کورد کەمە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کەمیی پشکداریی کورد لە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکاندا، بەڵام ئێمە بە دیپلۆماسییانە کار دەکەین بۆ ئەوەی مافەکانی کورد لەگەڵ هاوپەیمانەکانی دەستەبەر بکات."
