تاڵیبان شاندێک دەنێرێتە ئێران و سێ وڵاتی دیکە
ئەمڕۆ چوارشەممە 2-10-2019، سوهەیل شاهین، گوتەبێژ بەناوی تاڵیبان لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، رایگەیاندووە، مەلا عەبدولغەنی برادەر، یەکێک لە دامەزرێنەران و سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی تاڵیبان لە قەتەر، سەرۆکایەتیی شاندەکە دەکات.
سوهەیل شاهین هەروەها رایگەیاندووە، کە شاندی بزووتنەوەکەی سەردانی هەریەکە لە وڵاتانی ئێران، پاکستان، رووسیا و چین دەکات.
ئەو سەردانەی شاندی تاڵیبان دوای راگرتنی هەموو پەیوەنییەکانی ئەمریکا و تاڵیبان دێت، کە نزیک بوون لە رێککەوتن و لە 8-9-2019 لەلایەن دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکاوە راگیران.
تاڵیبان بزووتنەوەیەکی ئیسلامیی توندڕەوەی ئەفغانییە، پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەل رێکخراوی تیرۆریستی قاعیدە هەیە و بە یەکێک لە رێکخراوە تیرۆریستییەکان دادەندرێت.
تاڵیبان لە ساڵی 1994 دروست بووە و لە ساڵی 1996 دەستی بەسەر حوکمڕانیی ئەفغانستاندا گرت و بەهۆی پاڵپشتیکردنی رێکخراوی تیرۆریستیی قاعیدە، ئەمریکا لە ساڵی 2001 حوکمڕانیی تاڵیبانی رووخاند.
باسنيوز
