داعشێکی بەریتانی دوای چوار ساڵ لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی، دەردەکەوێتەوە

داعشێکی بەریتانی دوای چوار ساڵ لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی، دەردەکەوێتەوە
دوای چوار ساڵ لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی، چەکدارێکی داعشی بەریتانی لە زیندانێکی ژێر دەستی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەرکەوتەوە.

ئەسیل موسەننا، خەڵکی کاردیف ـە، لە 2015 لە تەمەنی 17 ساڵی چووەتە سووریا و پەیوەندی بە داعشەوە کرد. هەندێ وێنەی لە تۆڕەکۆمەڵاتییەکان بڵاوبوونەوە، دواتر وا بڵاوکرایەوە ئەسیل کوژراوە.

لەوکاتەوە هەواڵی ئەو کوڕە نازاندرێت، ئەمساڵ دوای ئەوەی تیمێکی بەریتانی سەردانی رۆژئاڤای کوردستانیان کرد، ئەسیلیان لە زیندانیێکی ژێر دەستی هەسەدە دۆزییەوە، ئەو کوڕە کە ئێستا تەمەنی 22 ساڵە، قسە بۆمیدیاکان دەکات و دەڵێت زۆر بیری دایکی دەکات.

ئەسیل کە بە گوتەی خۆی بەر لە سەربڕین، کوشتنی بەکۆمەڵ و سووتاندنی خەڵك پەیوەندی بە داعشەوە کردووە، ئاماژە بەوە دەکات، داعش مێشکی ئەوی شۆردەوە و پێیان گوتبوو، مەبەستیانە خەڵکی سووریا لە هەژاری و نەهامەتی رزگاربکەن.

کاتێک هەواڵەکەیان بە دایکی ئەسیل گەیاندووە، باوەڕی نەکردووە تاوەکو گرتەیەکی ڤیدیۆییان پیشانداوە کە تێیدا دەردەکەوێت ئەسیل لەگەڵ سەدان چەکداری دیکەی دیل لە ژوورێکدا دەستبەسەرکراون.

دایکی بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە دەڵێت "هەواڵی کوڕەکەم خۆشیێکی بێ پایانی پێدام، بەڵام هێشتا دڵتەنگم کە کوڕەکەم لە زینداندا دەبینم".

دایکی ئەو چەکدارە بەدیلگیراوەی داعش، داوا لە حکومەتی بەریتانیا دەکات کوڕەکەی بۆ بگەڕێننەوە و پەیمان دەدات کە کوڕەکەی کەسێکی هێمن و لەسەرخۆ بووەو واش دەمێنێتەوە.
Top