هه‌سه‌ده: پابه‌ندی بڕیاره‌كانى كۆمیته‌ى نووسینه‌وه‌ى ده‌ستوورى سووریا نابین
ئیلهام ئه‌حمه‌د، هاوسه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی سووریای دیموكرات، له‌باره‌ی نیازی توركیاوه به گۆڤاری (فۆرین پۆڵسی)ی ئه‌مریكی ده‌ڵێ: "توركیا ئه‌گه‌ر بتوانێ هه‌تا دیمه‌شقیش ده‌ڕوات".
ناوچه‌ی ئارام كه ئه‌مریكییه‌كان به "میكانیزمی ئه‌منی" بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی نیگه‌رانییه ئه‌منییه‌كانی توركیا ناوی ده‌به‌ن، بۆ ئیلهام ئه‌حمه‌د مانایه‌كی تری هه‌یه. ئه‌و له عه‌فرین گه‌وره بووه كه ساڵی رابردوو بووه ئامانجی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیی توركیا و هێزه وه‌كیله‌كانی. هه‌موو كه‌سوكاری ئیلهام ناچاربوون شاره‌كه جێبهێڵن و ئێستا له خێوه‌تگایه‌كی ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كه‌دا نیشته‌جێن.
ماوه‌ی مانگێك ده‌بێ گه‌ڕانی هاوبه‌شی هێزه‌كانی توركیا و ئه‌مریكا له ناوچه سنوورییه‌كان ده‌ستیپێكردووه كه به‌گوێره‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌ی نێوان واشنتن و ئه‌نقه‌ره، له گرێسپییه‌وه هه‌تا سهرێكانیێ درێژ ده‌بێته‌وه. هاوسه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی سووریای دیموكرات ده‌ڵێت هه‌سه‌ده به‌ڵێنه‌كانی خۆی جێبه‌جێ كردووه، یه‌په‌گه ناوچه‌كانی راده‌ستی هێزه ئه‌منییه‌كان كردووه، سه‌نگه‌ره‌كانی لاداوه و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییه قورسه‌كانی بۆ قووڵایی 5 بۆ 14 كیلۆمه‌تر كشاندووه‌ته‌وه، له كاتێكدا توركیا داوای 30 كیلۆمه‌تر ده‌كات.
رێككه‌وتنه‌كه‌ی نێوان ئه‌مریكا و توركیا نیگه‌رانیی هێزه‌كانی رۆژئاڤای كوردستانی نه‌ڕه‌واندووه‌ته‌وه، به تایبه‌تیش كه فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه‌كانی توركیا به‌رده‌وام به ئاسمانی سنووره‌كاندا ده‌سووڕێنه‌وه. به گوته‌ی ئیلهام "ئه‌گه‌ر سنووره‌كه نه‌گه‌ڕێته‌وه دۆخی ئاسایی خۆی، به جۆرێك له هه‌ردوو لای سنووره‌كه هیچ هێزێكی سه‌ربازی نه‌بێ، ئه‌وه ناتوانین بڵێین كێشه‌كه چاره‌سه‌ر بووه. هه‌موو رۆژێك له‌لایه‌ن توركیاوه ئاڵۆزی و هه‌ڕه‌شه دروست ده‌كرێ".
ئیلهام ئه‌حمه‌د له ههڤپهیڤێنێكدا له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ڕی (دێفێنس پۆست) ده‌ڵێ: "ئێمه به ئه‌مریكییه‌كانمان گوتووه كه ته‌نیا خه‌ڵكی ناوچه‌كه ده‌توانن بگه‌ڕێنه‌وه و ئه‌وان ئاگاداری ئه‌وه‌ن. هه‌تا ئێستا ئه‌وه‌ی ئێمه رهتمانكردبێتهوه نه‌كراوه".
هێزه‌كانی سووریای دیموكرات له ساڵی 2015 به ده‌ستپێشخه‌ریی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل و هاوكاریی ئه‌مریكا دامه‌زرا. ئه‌و هێزانه هاوبه‌شی سه‌ره‌كیی ئه‌مریكا بوون له شه‌ڕی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش له سووریا. شاره‌زایان پێیانوایه مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له سووریا نه‌ك هه‌ر مه‌رجی جێبه‌جێكردنی درێژماوه‌ی ئاگربه‌سته‌كه‌ی نێوان هه‌سه‌ده و توركیایه، به‌ڵكو یه‌كڕیزیی هه‌سه‌ده‌ش به‌ستراوه‌ته‌وه به مانه‌وه‌ی ئه‌مریكییه‌كان.
ئێستا لیژنه‌یه‌ك بۆ نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری سووریای پاش قه‌یران دامه‌زراوه كه بڕیاره له چه‌ند هه‌فته‌ی داهاتوودا له جنێڤ كۆببێته‌وه. ئه‌نتۆنیۆ گوتێرێز، ئه‌مینداری گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كۆمیته‌كه به "جێی باوه‌ڕ و هاوسه‌نگ و شمولی" ناوده‌بات كه گوزارشت له ویست و هیوای هه‌موو خه‌ڵكی سووریا ده‌كات. به‌ڵام هیچ كه‌سێك له ئیداره‌ی خۆسه‌ریی رۆژئاوای كوردستان له‌و كۆمیته‌یه‌دا نییه. ئیلهام ئه‌حمه‌د ده‌ڵێ: "ئێمه ئه‌و كۆمیته‌یه قه‌بووڵ ناكه‌ین، چونكه نوێنه‌ری ئێمه‌ی تێدا نییه و پابه‌ند نابین به‌هیچ ئه‌نجامێك كه ئه‌و كۆمیته ده‌ستوورییه بڵاوی ده‌كاته‌وه... ئه‌گه‌ر ئێمه‌ی تێدا نه‌بین، شه‌ڕ به‌رده‌وام ده‌بێ".
ئیلهام ئه‌حمه‌د پێیوانییه ئه‌مه ته‌نیا بۆ راگرتنی دڵی توركیا بێ و ده‌ڵێ: "ئێمه پێشتریش به حكومه‌تی ئه‌مریكامان گوتووه ناكرێ ئێمه‌ی تێدا نه‌بین. بڕوام وایه كه رێككه‌وتنێكی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر ئه‌و كۆمیته‌یه هه‌یه".
پارساڵ له گه‌رمه‌ی ده‌نگۆی هێرشی توركیا بۆ سه‌ر مه‌نبج، شاندی هێزه‌كانی رۆژئاوا زنجیره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكومه‌تی دیمه‌شق رێكخست. رووسیا له نزیكه‌وه چاودێریی كۆبوونه‌وه‌كانی ده‌كرد، به‌ڵام له كۆتاییدا ئه‌نجامی نه‌بوو.
به‌رپرسه‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی سووریای دیموكرات كه بۆ گه‌شتێكی دیپلۆماسی له ئه‌مریكایه، به ماڵپه‌ره ئه‌مریكییه‌كه ده‌ڵێ: "دوایین جار ساڵی رابردوو بوو، چیدی پێویست ناكات (له‌گه‌ڵیان گفتوگۆ بكه‌ین)، چونكه هیچ رێككه‌وتنێك نایه‌ته ئاراوه".
له ناوچه‌كانی دێره‌زوور هێزه‌كانی لایه‌نگری رژێم و هێزه‌كانی هه‌سه‌ده له یه‌ك نزیكن. ئیلهام له‌باره‌ی جموجۆڵی هێزه‌كانی نزیك له رژێم له‌و ناوچانه ده‌ڵێ: "هه‌وڵ هه‌یه بۆ رێكخستنی هۆزه‌كان و دروستكردنی شانه له ناوچه‌كانی ئێمه. پاش ته‌قینه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك بۆمب له ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئێمه، زانیاریمان به‌ده‌ست گه‌یشت كه رژێم لێیان به‌رپرسیاره، به‌تایبه‌تیش له حه‌سه‌كه و قامشلۆ".
كه‌مپی ئه‌لهۆل له پارێزگای حه‌سه‌كه كه نزیكه‌ی 60 هه‌زار خێزان و منداڵی چه‌كدارانی داعشی لێیه، به یه‌كێك له مه‌ترسییه گه‌وره‌كانی سه‌ر ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئیداره‌ی خۆسه‌ری داده‌نرێ.
هاوسه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی سووریای دیموكرات به (دێفێنس پۆست) ده‌ڵێ: "هیچ پڕۆژه‌یه‌كی ستراتیژی بۆ خزمه‌تگوزاریی كه‌مپه‌كه نییه. دۆخی ئه‌منیی كه‌مپه‌كه زۆر خراپه. ئه‌گه‌ر هه‌ر ئاوا بمێنێته‌وه زۆر مه‌ترسیداره". ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان رێگا نادات "پرۆگرامی چاكسازی" له كه‌مپه‌كه جێبه‌جێ بكرێ.
ئیلهام ئه‌حمه‌د پێیوایه میكانیزمه ئه‌منییه‌كه‌ی نێوان ئه‌مریكا و توركیا و هه‌سه‌ده وه‌ك هه‌نگاوی یه‌كه‌م شتێكی باشه، كه "ده‌بێ ده‌رگای دیالۆگی درێژخایه‌ن بكاته‌وه"، به‌ڵام وه‌ك خۆی به (فۆرین پۆڵسی) ده‌ڵێ، هه‌رچه‌شنه رێككه‌وتنێكی درێژخایه‌ن پێویستی به وجودی هێزه‌كانی ئه‌مریكایه له سووریا، بۆ ئه‌وه‌ی گه‌ره‌نتیی به‌رده‌وامبوونی رێككه‌وتنه‌كه بكات.
ناوچه‌ى ئارام.. ترس له گۆڕینى دیمۆگرافیا
یه‌كێك له ئامانجه‌كانی توركیا له دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام راگواستنی ملیۆنان ئاواره‌ی سوورییه له توركیاوه بۆ ئه‌و ناوچه‌یه. زۆرینه‌ی هه‌ره‌زۆری ئه‌و ئاوارانه عه‌ره‌بن و خه‌ڵكی ناوچه كوردییه‌كان نین، ئه‌وه‌ش بووه‌ته مایه‌ی مه‌ترسییه‌كی گه‌وره له‌سه‌ر گۆڕینی دێمۆگرافیی ناوچه‌كه. ئیلهام ئه‌حمه‌د، هاوسه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی سووریای دیموكرات ئه‌و پلانه‌ی توركیا به "كێشه‌ساز" ناوده‌بات. رۆژی 19ی ئهیلوول، كریس مایه‌ر فه‌رمانده‌یه‌كی ئه‌مریكی له هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان رایگه‌یاند، ئه‌مریكا خوازیاری گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی "سه‌لامه‌ت، ئاره‌زوومه‌ندانه و به كه‌رامه‌ت"ـی ئاواره سوورییه‌كانه. فه‌رمانده‌كه گوتیشى بۆ ئه‌م ئامانجه كار له‌گه‌ڵ توركیا و هاوبه‌شه‌كانیان له سووریا و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ده‌كه‌ن.
