گیولەن هێرش دەکاتە سەر سەرۆک کۆماری تورکیا
سەرۆکی بزووتنەوەی خزمەتی تورکی هێرش دەکاتە سەر سەرۆک کۆماری تورکیا.
فەتحوڵڵا گیولەن، زانای ئاینی و سەرۆکی بزووتنەوەی خزمەت (گیولەنییەکان)ی تورکیا لە یەکەم چاوپیکەوتنیدا لە 2016ـەوە، بە کەناڵی (Ten)ی میسری راگەیاندووە، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا گوێ لە کەس ناگرێ.
فەتحوڵلا گیولەن هەروەها رایگەیاندووە، وڵاتانی رۆژئاوا و ئیسلامی دەتوانن هەڵوێستی یەکگرتوو لە دژی رەجەب تەییب ئەردۆغان بنوێنن، بۆ ئەوەی ”واز لە زۆرداریی خۆی بهێنێت“.
ئەو زانایە تورکە، کە ئەردۆغان بە پیلانداڕێژەری کودەتای تەمموزی 2016ـی دادەنێت، پێی وایە ئەوانەی ئێستا فەرمانڕەوایی تورکیا دەکەن، کە مەبەستی ئەردۆغان و سەرکردەکانی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)ی دەسەڵاتدارە، هاووڵاتیی رەسەنی تورکیا نین، ”دەڵێن ئەوان لە باکوورەوە هاتوون“.
فەتحوڵڵا گیولەن ناڕاستەوخۆ سەرۆک کۆماری تورکیا و ئاکەپە بە بەکارهێنانی ئیسلام بۆ بەرژەوەندیی خۆیان و بەهێزکردنی حوکمڕانیی خۆیان، تۆمەتبار دەکات.
رۆژی 15-7-2016، بەشێک لە فەرماندەکانی سوپای تورکیا هەوڵیان دا کودەتایەک بەسەر حکوومەتی تورکیا و پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)ی دەسەڵاتدار و رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماردا بکەن.
رەجەب تەییب ئەردۆغان بە هاوکاریی هێزە ئەمنییەکان و گەلی تورکیا، توانی شکست بەو کودەتایە بهێنێت و دواتریش بزووتنەوەی گیولەنی قەدەغە و خستییە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکان و هەزاران لایەنگریشی دەستگیر کرد و لەکار دوورخستنەوە.
فەتحوڵلا گیولەن، کە بە هۆی گوشارەکانی سەرۆک کۆماری تورکیا ناتوانێ بگەڕێتەوە وڵاتەکەی، لە ویلایەتی پەنسلڤانیا لە ئەمریکا نیشتەجێیە.
باسنيوز
