ناڕەزایەتییەکانی میسر بەردەوامە و سیسیش بەتیرۆرست ناویاندەبات
بەپێی هەواڵێکی گاردیانی بریتانی، بەرپرسانی میسر بەڕونی رایانگەیاند پلانیان هەیە بۆ کۆتایهێنان بەخۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەیان و عەبدوڵ فەتاح سیسی سەرۆکی ئەو وڵاتەش هەوڵەکانی بە تیرۆر ناوبرد و داوای روبەروبونەوەی توندی کرد.
رۆژی پێنج شەممەی رابردو خۆپیشاندەرانی میسر داوای خۆپیشاندانی سەرتاسەرییان کرد و بەرپرسانی ئەو وڵاتەش بەڵێنی کۆتایهێنان بەناڕەزایەتییەکانیان دا، تائێستا نزیکەی 2000 کەس دەستگیرکراون و وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتەش رایگەیاند، روبەروی هەر هەوڵێک دەبنەوە کەببێتەهۆی مایەی پەکخستنی کاری دامودەزگاکان.
تەواوی شوێنە هەستیارەکانی قاهیرەی پایتەخت بە مەیدانی تەحریریشەوە کە مەیدانی شۆڕشەکەی 2011-ی ئەو وڵاتە بو لەلایەن پۆلیسەوە کۆنترۆڵکرا و بەردەوام بەرپرسانیش جەخت لەروبەروبونەوەی خۆپیشاندەران دەکەن.
هاوکات، ژمارەیەکی زۆر کەسایەتی دیاری ئەو وڵاتە دەستگیرکراون بەبێ بونی هیچ ئاماژەیەک بۆ بەشداریکردنیان لەناڕەزایەتییەکان، رەوشەکەش لەلایەن ناوەندی میسر بۆ ئابوری و مافی مرۆڤ چاودێری دەکرێت کە رێکخراوێکی ناحکومییەو بارەگای سەرەکی لە قاهیرەی پایتەختە.
لای خۆشییەوە عەبدول فەتاح سیسی ئەو هەوڵانە بەهەوڵی تیرۆرستی دەزانێت و رایگەیاند، تائێستا تیرۆریزم هەوڵی لەباربردنی دەستکەوتەکانی وڵاتەکەی دەدات و بەپێویستیشی زانی بەتوندی روبەروی ئەو هەوڵە تیرۆرستییانە ببنەوە.
لەبەرامبەردا، سەرکردە و رابەرانی ناڕەزایەتییەکان هەنگاوەکانی سیسی بە نایاسایی و دکتاتۆری ناودەبەن و توندڕەوی پێشێلکردنی مافەکانیان بەهۆکاری هاتنەدەرەوەیان دەزانن.
محمد عەلی سەرکردەی دیاری خۆپیشاندانەکان کەئێستا هەڵهاتوە بۆ دەرەوەی وڵات و لەڕێگای پەیامە ڤیدیۆییەکانییەوە گەندەڵی سوپای میسر بڵاودەکاتەوە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هانی ناڕەزایەتییەکانی ئەو وڵاتە دەدات و سیسیش گروپە ئیسلامییەکانی وەک ئیخوان موسلیمین کە لەئێستادا چالاکی لێ قەدەغەکراوە بەهۆکاری ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییانە دەزانن.
رێکخراوە نیودەوڵەتییەکانیش سەرنج و تێبینی خۆیان لەبارەی پێشێلکارییەکانی میسر بۆ ئازادی رادەربڕین خستۆتەڕو، لەو چوارچێوەیەدا رێکخراوی چاودێری ماڵپەڕە ئینتەرنێتییەکان ( وێتبلۆک) ئاماژەی بەوەکردوە لەمیسر تادێت بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تویتەر و فەیسبوک و سکایپ سنوردارتر دەکرێت و عەبدول فەتاح سیسیش نەیشاردۆتەوە کە بەهەمو جۆرێک روبەروی ناڕەزایەتییەکان دەبێتەوە.
خەندان
