ئەمریکا رێگا بە زەریف نادات سەردانی نەخۆشخانە بکات
ئەمریکا رێگا بە وەزیری دەرەوەی ئێران نادات سەردانی نەخۆشخانە بکات
عەلی رەزا میریوسفی، گوتەبێژی نێردەی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە، محەمەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی هەوڵی داوە سەردانی مەجید تەختروانجی، باڵیۆزی ئێران بکات، کە لە نەخۆشخانەیەکی نیویۆرک چارەسەری شێرپەنجە وەردەگرێت.
عەلی رەزا میریوسفی هەروەها رایگەیاندووە، دەسەڵاتدارانی ئەمریکا رێگایان بە محەمەدجەواد زەریف نەداوە سەردانی ئەو باڵیۆزەی وڵاتەکەی لە نەخۆشخانە، بکات.
زەریف بە یاوەریی حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری وڵاتەکەی بەشداریی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد، کە هەفتەی رابردوو لە بارەگای سەرەکیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، ئەنجام دران.
ئەمریکا بە مەرجی ئەوەی جگە لە بارەگای نێردەی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان و شوێنی مانەوە، رێگا بە هیچ سەردانێکی شاندە ئێرانییەکە نادات، ڤیزای بە رۆحانی و ئەندامانی شاندەکە، دا.
باسنيوز
