رۆحانی: هێرشی گەورەتر دەکرێتە سەر سعودیە
حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (فۆکەس نیوز)ی ئەمریکی، رایگەیاندووە، بارودۆخی کەنداوی عەرەبی بەرەو خراپتر دەڕوا و پێویستە بناغەی توندوتیژییەکە لەناو ببرێ.
حەسەن رۆحانی هۆشداریی داوەتە دەسەڵاتدارانی سعودیە و رایگەیاندووە، ئەگەر شەڕ لە دژی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا (حوسییەکان) رانەگرن، ئەوا هێرشی گەورەتر لەوەی سەر کۆمپانیای ئارامکۆ، دەکرێتە سەر سعودیە.
بەرەبەیانی رۆژی شەممە 14-9-2019، ژمارەیەک فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان دوو دامەزراوەی کۆمپانیای ئارامکۆی سعودییان لە شارۆچکەی بەقیق لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، کردە ئامانج.
بەهۆی هێرشی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانەوە، دوو تەقینەوە لەو دوو کارگەیە روویان دا و ئاگرێکی گەورە کەوتەوە.
سعودیە و ئەمریکا و ژمارەیەک وڵاتی دیکەی جیهان، ئێران بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار دەکەن.
بەرپرسانی باڵای ئەمریکا ئاماژەیان بوە کردبوو، کە هێرشەکان لە عێراقەوە ئەنجام دراون، بەڵام نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رەتی کردەوە خاکی وڵاتەکەی بۆ هێرشکردنە سەر سعودیە بەکار هاتبێت.
باسنيوز
