وه‌زیری به‌رگری ئێران: توانا مووشه‌كییه‌كانمان له ده‌ره‌وه‌ی دانوستانه‌كانن
به‌گوێره‌ی ئاژانسی مێهری ئێرانی، حاته‌می له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: به له‌به‌رچاوگرتنی جه‌نگی یه‌كه‌می كه‌نداو، كه ئه‌و كات ئێران هه‌ستی كرد پێویستیه‌كی ستراتیژی به مووشه‌ك هه‌یه، كۆماری ئیسلامی ده‌ستی به كاره‌كانی بۆ به‌ره‌وپێشبردنی به‌رنامه مووشه‌كییه‌كه‌ی و پیشه‌سازی دیكه‌ی به‌رگری كردووه.
وه‌زیری به‌رگری ئێران روونیشیكرده‌وه، "ئێران به‌هۆی پێگه جوگرافییه‌كه‌ی له لایه‌ك و له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه به‌هۆی بیروباوه‌ڕی ده‌سه‌ڵاتدارانی، هه‌میشه ئه‌گه‌ری رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی بۆ هه‌ڕه‌شه هه‌یه، بۆیه به‌ره‌وپێشبردنی سیسته‌می به‌رگرییه‌كه‌ی بۆ پارێزگاریكردن له سه‌ربه‌خۆییه‌كه‌ی پێویستییه‌كی حه‌تمییه".
تایبه‌ت به ئه‌گه‌ری رازیبوونی ئێران به دانانی كۆت و به‌ند له‌سه‌ر توانا مووشه‌كییه‌كانی له چوارچێوه‌ی دانوستانه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا، ئه‌و وه‌زیره ئێرانییه گوتی: دانوستان له‌گه‌ڵ واشنتن له‌سه‌ر توانا مووشه‌كییه‌كانی ئێران، "وه‌ك ئه‌وه وایه تۆ بنمیچی خانوێك لابه‌ریت و ته‌نیا دیواره‌كان بهێڵیته‌وه".
له به‌رده‌وامی قسه‌كانیدا حاته‌می گوتی: "به چه‌ند ده‌سته‌واژه‌یه‌كی راشكاوانه ده‌ڵێم، دوژمن پشت به دانانی سنوورێك بۆ توانا مووشه‌كییه‌كانی ئێران ده‌به‌ستێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌و رێگه‌یه‌وه سنوور بۆ به‌رگری گه‌لی ئێرانیش دابنێت، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌توانین رووبه‌ڕووی زیاده‌ڕۆییه‌كان و سته‌مكارییه‌كانی ببینه‌وه، سوپاس بۆ خودا، ته‌واوی لایه‌نه به‌رگرییه‌كانی ئێران له‌سه‌ر ئه‌وه كۆكن، گه‌شه به توانا به‌رگرییه‌كانمان بده‌ین، به‌تایبه‌ت توانا مووشه‌كییه‌كان".
