لەناو جەهەپەدا پارتێكی تازە دروست بوو
ئۆزتورك سەركۆنسوڵی توركیا بوو لە مووسڵ، بەڵام كاتێك گرووپی تیرۆریستی داعش لە ٢٠١٤ مووسڵی داگیر كرد، ئەو و ٤٩ هاوڕێی تری بۆ ماوەی ١٠٣ رۆژ لە ژێر دەستی داعشدا مانەوە، پاشان لە رێككەوتنێكی نێوان توركیا و داعشدا ئازاد كران.
دوای ئازادكردنی وەكو ئەندام پەرلەمانی جەهەپە هەڵبژێردرا، بەڵام بە هۆی ناكۆكی لەگەڵ سەرۆكی جەهەپە كەمال كلیچدارئۆغلو و چەند سەركردەیەك، بەردەوام رەخنەی دەگرت و باسی لە ریفۆرم لە حیزب دەكرد.
ئۆزتورك چەند مانگێك بەر لە ئێستا لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا گوتی "پێویست ناكات رێگە بدرێت لە توركیا بانگ بە مایك بدرێت، چونكە خەڵك بێزار دەبێت و هەستی ئایینەكانی تر بریندار دەبێت".
لەسەر ئەم گوتەیە لە سۆسیال میدیا و لە لایەن ئەكەپەشەوە رەخنەی زۆری لێ گیرا و لایەنگرانی جەهەپە داوایان كرد لە پارت دووری بخەنەوە.
جەهەپە بە فەرمی ئۆزتوركی لە جەهەپە دەكرد و گوتی بە هۆی سووكایەتی بە بانگدان ئیتر نابێت لە پارت بمێنێتەوە.
لە ماوەی ٤٨ كاتژمێری رابردوودا، ئۆزتورك بە فەرمی رایگەیاند كە پارتێكی تازە دادەمەزرێنێت و چەندین ئەندام پەرلەمانی جەهەپەشی لەگەڵدایە.
ئەمەش یەكەم سەركردەی ناو جەهەپەیە كە جیاببێتەوە و پارتێكی تازە دابمەزرێنێت.
