سعوودیه بژارده‌ی سه‌ربازی بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئێران تاوتوێ ده‌كات
عادل جوبه‌یر، وه‌زیری ده‌وڵه‌ت بۆ كاروباری ده‌ره‌وه‌ی سعوودیه، له دیدارێكدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نووسان له باره‌گای نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له نیۆیۆرك ئاشكرایكرد، بۆ ده‌ستنیشانكردنی سه‌رچاوه‌ی هه‌ڵدانی ئه‌و مووشه‌كانه‌ی دامه‌زراوه نه‌وتییه‌كانی كۆمپانیای ئارامكۆیان كرده ئامانج، وڵاته‌كه‌ی لێكۆڵینه‌وه ده‌كات.
جوبه‌یر ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، لێكۆڵینه‌وه سه‌ره‌تاییه‌كان ئاماژه به‌وه ده‌ده‌ن، كه چه‌كی به‌كارهاتوو له‌و هێرشه‌ی كرایه سه‌ر ئارامكۆ درووستكراوی ئێرانه و دووپاتیكرده‌وه، "كار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ین هه‌ڵوێستێكی دیپلۆماسیانه‌مان بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئێران هه‌بێت".
وه‌زیره سعوودیه‌كه گوتی: "سعوودیه له‌و باوه‌ڕه‌دایه به‌رپرسیارێتی ئه‌و هێرشه له ئه‌ستۆی ئێرانه"، به‌ڵام وه‌ك رایگه‌یاند، له چۆنیه‌تی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئێران نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان یارمه‌تی وڵاته‌كه‌ی ده‌دات.
جوبه‌یر جه‌ختی كرده‌وه، "ده‌مانه‌وێت پاڵپشتی نێوده‌وڵه‌تی به‌ده‌ستبهێنین و ده‌خوازین سه‌رجه‌م بژارده‌كان تاوتوێ بكه‌ین، چ دیپلۆماسی، یان ئابووری یاخۆد سه‌ربازی، دواتر بڕیاری كۆتایی ده‌ده‌ین".
وه‌زیری ده‌وڵه‌ت بۆ كاروباری ده‌ره‌وه‌ی سعوودیه ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، راسته‌وخۆ دوای ته‌واوبوونی لێكۆڵینه‌وه‌كان وڵاته‌كه‌ی ئه‌و هه‌نگاوه هه‌ڵده‌نێت و وه‌ك پێشبینی كرد، "له نزیكترین كاتدا لێكۆڵینه‌وه‌كان ته‌واو ده‌بن".
عادل جوبه‌یر دووپاتیكرده‌وه، "پێویسته كۆتایی به ره‌فتاره ئاژاوه‌گێڕییه‌كانی ئێران بهێنرێت، كه سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌ی شێواندووه.. ئێران چه‌كی بالیستی به میلیشیاكانی حزبوڵڵا و حووسییه‌كانی یه‌مه‌ن داوه".
جوبه‌یر ستایشی سیاسه‌تی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكاشی به‌رامبه‌ر به تاران كرد و به سیاسه‌تێكی گشتگیر ناویبرد و گوتی: "به چڕی له‌گه‌ڵ واشنتن كار له‌سه‌ر دۆسیه‌ی ئێران ده‌كه‌ین".
دوای ئه‌وه‌ی رۆژی 14ی ئه‌م مانگه دامه‌زراوه نه‌وتییه‌كانی كۆمپانیای ئارامكۆی سعوودیه به مووشه‌ك كرانه ئامانج، گرژیی زیاتر له نێوان ئێران سعوودیه هاته ئاراوه و ئه‌و هێرشانه وێڕای ئه‌وه‌ی به‌توندی ئیدانه ده‌كرێن، په‌نجه‌ی تۆمه‌تی ئه‌نجامدانی ئه‌و هێرشانه‌ش بۆ ئێران درێژ ده‌كرێت.
