ئێران: دانوستانی نوێ بۆ پرسی ناوکی و مووشەکی قەبووڵ ناکەین

ئێران: دانوستانی نوێ بۆ پرسی ناوکی و مووشەکی قەبووڵ ناکەین
وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاردانەوە بە هەڵوێستی سێ وڵاتی ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا کە ئێران بەرپرسیاری هیڕشەکەی سعوودیەیە، ئاشکرای کردووە کە ئەوە داخوازیی دووپاتەی ئەمریکایە.

ڕێبەرانی فەڕەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا دوێنێ دووشەممە لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا ئێرانیان بە بەرپرسیاری هێرش بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعوودیە ناساند و داوایان لەو وڵاتە کردووە، دانوستانێکی درێژخایەن بۆ بەرنامەی ناوکی، ئاسایشی ناوچەکە و بەتایبەتی پرسی مووشەکی دەست پێ بکات.

لەمبارەوە ئەمڕۆ سێشەممە ٢٤ی٩ی٢٠١٩ وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە تویتەری فەرمیی خۆیدا نووسیویە: "دەستەوەستانیی سێ وڵاتی ئەورووپی لە پابەندبوون بە بەڵینییەکانیان لە بەرانبەر داخوازیی ئەمریکا لە مانگی مەی ٢٠١٨ەوە بە ڕوونی دیارە. بۆیە ڕێگەچارەی ئەم گرفتە پێداگرییە لەسەر بەڵێنەکان و ڕێڕەوی سەربەخۆیە، نەک دووپاتکردنەوەی بانگەشە و داخوازییەکانی ئەمریکا کە لەگەڵ ڕێککەوتنی ناوکیدا ناتەبایە".

وەزارەتی دەرەوەی ئێران قسەکانی محەمەدجەواد زەریفی دووپات کردووەتەوە کە ڕای گەیاندووە: "ئێران پێش لە جێبەجێکردنی یەکجارەکیی ڕێککەوتنی ناوکی (بەرجام) ناچێتە چوارچێوەی هیچ ڕێککەوتنێکی دیکەوە".

بەرپرسانی باڵای ئێران، وڵاتانی ئەورووپی بەوە تۆمەتبار دەکەن کە پابەندی بەڵێنەکانی خۆیان لەبارەی مانەوەی ئێران لە ڕێککەوتنی ناوکی نین و لەژێر گوشاری ئەمریکا، دەستیان لە هەوڵەکانیان بۆ پاراستنی ئەو ڕێککەوتنە هەڵگرتووە.

وڵاتانی ڕۆژئاواش بەمدوایانە جەختیان کردووەتە کە دەبێ ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئێران بکرێت.

لەمبارەوە بۆرسی جۆنسۆن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دوێنێ دووشەممە ڕای گەیاندووە کاتی ئەوە هاتووە، ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئێران دەست پێ بکەین.

لەمبارەوە ئیمانۆئێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەڕەنسا ئاشکرای کردووە کە هەوڵە دیپلۆماتیکەکانی بۆ دیداری حەسەن ڕۆحانی و دۆناڵد ترەمپ، بەردەوامە.

لە بەرانبەردا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕای گەیاندووە، ماکرۆن دۆستی نزیکییە، بەڵام ئەوان پێویستییان بە نێوەندگیری نییە.












باسنيوز
Top