فەڕەنسا، ئەڵمانیا و بریتانیا: ئێران بەرپرسە لە ھێرشکردنە سەر ئارامکۆ
بەرپرسیارێتی ھێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی نەوتی سعودیەیان خستە ئەستۆی ئێران
لەمیانی بەڕێوەچونی 74ەمین دانیشتنەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە نیویۆرک، ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا و ئێمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەڕەنسا و بۆریس جۆنسۆن، سەرۆک وەزیرانی بریتانیا راگەیەندراوێکی ھاوبەشیان بڵاوکردەوە و تیایدا بەرپرسیارێتی ھێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی نەوتی سعودیەیان خستە ئەستۆی ئێران.
لە راگەیەندراوەکەدا بە توندترین شێوە ئیدانەی ھێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی نەوتی سعودیە لە 14ی ئەیلولی 2019 کرا و پەیامی پشتیوانی لە سعودیە دوپاتکرایەوە.
ئاشکرایە کە ئێران بەرپرسە لەم ھێرشە، ھیچ رونکردنەوەیەکی دیکە نییە، پشتیوانی لەو لێکۆڵینەوانە دەکەین کە بۆ بەدەستخستنی وردەکاری زیاتر ئەنجام دەدرێن
لە راگەیەندراوەکەدا ھاتوە، "ئاشکرایە کە ئێران بەرپرسە لەم ھێرشە، ھیچ رونکردنەوەیەکی دیکە نییە، پشتیوانی لەو لێکۆڵینەوانە دەکەین کە بۆ بەدەستخستنی وردەکاری زیاتر ئەنجام دەدرێن".
جەخت لەوەشکراوەتەوە، ئەم ھێرشە مەترسی پێکدادانێکی گەورەی لە ناوچەکەدا دروستکردوە و "ئەم ھێرشانە دوبارە گرنگی ھەوڵی دیپلۆماتیکی و کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا بە بەشداری گشت لایەنەکان خستوەتەڕو".
ھەر سێ وڵاتەکە پابەندبونی خۆیان بە رێککەوتنی ناوەکی ئێران دوپاتکردەوە و داواشیان کرد کە ئێران بگەڕێتەوە بۆ مەرجەکانی رێککەوتنەکە
ھاوکات ھەر سێ وڵاتەکە پابەندبونی خۆیان بە رێککەوتنی ناوەکی ئێران دوپاتکردەوە و داواشیان کرد کە ئێران بگەڕێتەوە بۆ مەرجەکانی رێککەوتنەکە.
رۆژی 14ی ئەم مانگە، هێرشکرایە سەر کەرەستەکانی کۆمپانیای ئارامکۆ و کێڵگە نەوتییەکانی سعودیە و بەهۆیەوە کێشە بۆ هەناردەکردنی بڕی 5.7 ملیۆن بەرمیل نەوتی سعودیە کە لەسەدا 70-ی کۆی بەرهەمی ئەو وڵاتەیە دروستکرد، بەڵام تاران ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە.
خەندان
