کێبڕکێی دەستنیشانکردنی سەرۆکوەزیرانێکی نوێ بۆ ئیسرائیل بەردەوامە

کێبڕکێی دەستنیشانکردنی سەرۆکوەزیرانێکی نوێ بۆ ئیسرائیل بەردەوامە
هەڵمەت و کێبڕکێی پارتە سیاسییەکانی ئیسرائیل بۆ پێکهێنانی گەورەترین هاوپەیمانی پەرلەمانی بەردەوامە و شەڕی ئەو پارتانە وەرگرتنی خەڵاتی سیاسی سەرۆکی ئیسرائیلە کە بریتییە لە راسپاردنی کەسێک بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی ئەو وڵاتە.

جەنگە گەرمەکە لەنێوان هاوپەیمانی شین و سپی میانڕەو بەسەرۆکایەتی بێنی گانتز و پارتی لیکودی راستڕەو بە رابەرایەتی بنیامین نەتەنیاهوو دایە.

دوای نزیکەی 27 ساڵ لە دوورکەوتنەوە لە ناوەندی بڕیاری سیاسی لە ئیسرائیل، عەرەبەکانی ئەو وڵاتەش هاتنەدەنگ و یەکەمین نەخێری سیاسی کاریگەریان بە رووی نەتەنیاهوودا نا.

ئەحمەد تیبی، سەرۆکی لیستی هاوبەشی عەرەب رایگەیاند "ئێمە بە نەتەنیاهوومان گوت نەخێر، چونکە ئەو خراپترین و رەگەزپەرستترین سەرکردەیە کە دژ بە لە 20%ـی خەڵک وەستاوە، هاووڵاتییانی عەرەبی نێو دەوڵەتی ئیسرائیلیش خەڵکی رەسەنی ئەم وڵاتەن و کۆچبەر و بیانی نین".

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و سەرۆکی پارتی لیکودیش دەڵێت "ئێستا دوو بژاردە هەیە، یان ئەوەتا حکومەتی کەمینە پێکدەهێندرێت کە پشت بەو لایەنانە دەبەستێت دژ بە ئیسرائیل و ئایینی جوون، ئەو تیرۆریستانەی کە سەربازەکانی ئێمەیان کوشتووە. یان ئەوەتا حکومەتێكی یەکگرتووی بنکە فراوانی نیشتمانی پێکدەهێندرێت. من کار بۆ پێکهێنانی حکومەتی یەکگرتووی بنکە فراوانی نیشتمانی دەکەم و هیچ چارەسەرێكی دیکەمان لەبەردەستدا نییە".

بۆ پێکهێنانی ئەو حکومەتە، نەتەنیاهوو هەوڵی زۆری داوە لەگەڵ گانتز گفتوگۆ بکات، بەڵام گانتز تاوەکو ئێستا رەتیکردووەتەوە لەگەڵ نەتانیاهوودا دابنیشێت.

لەکۆی 120 کورسی پەرلەمانی، هاوپەیمانی شین و سپی 33 کورسی، پارتی لیکود 31 کورسی، لیستی هاوبەشی عەرەب 13 کورسی و پارتی ئەوپەڕی راستڕەوەکان هەشت کورسی پەرلەمانیان بەدەستهێناوە.

بە گوتەی ئیڤیگدۆر لیبیرمان، سەرۆکی پارتی ئیسرائیل ماڵمانە: نەتەنیاهوو بڕیاریداوە تەنها لەگەڵ پارتە ئایینییەکان هاوپەیمانی دروستبکات، دەشڵێت "کەوابوو ئێمە ناتوانین پشتگیری لە نەتانیاهوو بکەین، گانتزیش رۆیشتووە لەگەڵ لیستی هاوبەشی عەرەبی رێککەوتووە کە ئەویش دیسانەوە وامان لێدەکات لەگەڵ ئەویش رێکنەکەوین، یەک رێگەچارە هەیە، هەرسێ پارتی شین و سپی، لیکود و ئیسرائیل ماڵمانە، پێکەوە حکومەت پێکبهێنن، ئەو کاتە ئێمە زۆر خۆشحاڵ دەبین بە خزمەتکردنی گەلی ئیسرائیل".

هاوکات رۆڤین ریڤلین، سەرۆکی ئیسرائیلیش بەردەوامە لە ئەنجامدانی کۆبوونەوە و راوێژکردن لەگەڵ پارت و لایەنە سیاسییەکان تاوەکو دواجار ئەرکی پێکهێنانی حکومەت بە کاندیدی یەکێك لەو لایەنانە بسپێرێت.
Top